ئێران لە نێوان ڕێککەوتن و گەڕاندنەوەی سزاکاندا ماوەتەوە
بە شێویەکی گشتیی، وا دەردەکەوێت ئێرانییەکان ئامادەن ڕاستەوخۆ و بە چەند پێشمەرجێک لەگەڵ ئەورووپییەکاندا دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمی وڵاتەکەیان گفتوگۆ بکەن

تورکیا میوانداریی دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئێران و سێ وڵاتە زلهێزەکەی ئەورووپا لە بارەی دۆسییەی ئەتۆم دەکات، لە کاتێکدا مشتومڕی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە ئێران بووەتە ناکۆکییەک زەق لە نێوان باڵە سیاسییەکاندا، بەڵام حکوومەتی تاران خۆی یەکلایی کردووەتەوە، بە مەرجی گەرەنتی و دڵنیاییدان دەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.
بە گوێرەی زانیارییە ئاشکرا بووەکان، مەرجی سەرەکیی تاران لە گەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی، دڵنیاکردنەوەی ئێرانە لەوەی لە داهاتوودا هێرشی دیکەی سەربازی ناکرێتە سەری و سزاکانیش چالاک ناکرێنەوە.
دیبلۆماتە باڵاکانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، پاش ئەوەی پێنجشەممەی ڕابردوو لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە و جەختیان لە پێویستیی گەڕانەوە بۆ ڕێوشوێنی دیبلۆماسیی و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی کردەوە. بە پێچەوانەوە، ئامادەییان دەربڕیوە سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران کارا دەکەنەوە.
ڕای جیاوازی بەرپرسانی ئێرانی دەربارەی دانوستان
سەرباری ئەوەی حکوومەتی ئێران، پابەندبوونی خۆی بە دانوستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمی دووپات کردووەتەوە، بەڵام لێدوان و هەڵوێستی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، دوو ئاراستەی جیاواز و پێچەوانەیان گرتووە.
عەلی خزرییان، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشیی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، بە کەناڵی تەلەفزیۆنی "مەیادین"ی گوتووە: ڕاستە دانوستانمان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، کە ئێمە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم دەبین. ئێمە تەنیا ئەو کاتە دانوستان دەکەین، کە بەرانبەرەکانمان بە فەرمی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دان بە مافی ئێمەدا بنێن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی داوە: پاش جەنگی 12 ڕۆژە، دوژمنانی ئێران تووشی بێهیوایی بوون، بەردەوام پەیامی دەست پێکردنەوەی دانوستان بۆ تاران دەنێرن، بەڵام دەبێت سەرەتا مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم گەرەنتی بکرێت. دەشڵێت: ئێستا لە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بووە بە زانستێکی میللی و ناکرێت ڕێگریی لێ بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لای وایە "دانوستان لەگەڵ ئەمەریکییەکاندا هیچ سوودێکی نابێت. چونکە ئەوان متمانەی ئێرانییەکانیان لەدەست داوە و بێگوێدانە ڕەوتی دانوستانەکانی، پێش جەنگی 12 ڕۆژە، لە ڕێگەی ئیسرائیلی هاوپەیمانیانەوە هێرشیان کردە ئێران."
لاریجانی دەڵێت: ئێران هیچ پەلەی دانوستانی نییە. ئەوانەی لە جەنگدا دۆڕاون دەبێ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان دەستەودامانی ئێمە بن!
هەروەها عەلی ئەکبەر ویلایەتی، کە یەکێکە لە ڕاوێژکارە باڵاکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ساڵانێک وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بووە، دەڵێت: دانوستان دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمی، لە لایەن ئێرانەوە هەرگیز وەک ستراتیج تەماشا نەکراوە، بەڵکوو وەک هەنگاوێکی تەکنیکی حسابی بۆ کراوە.
دانوستان بە پێشمەرج
سەرەڕای جیاوازی و مشتومڕە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەفتەی پێشوو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی "سی جی تی ئێن" ی چینی ڕایگەیاند "ئێران جارێکی دیکە لەگەڵ ئەمەریکادا دانوستان ناکات؛ تەنیا مەگەر ئەو کاتەی کە ئەمەریکییەکان بە ڕاستی نیازی گەیشتن بە ڕێککەوتنیان هەبێت." عراقچی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: تاران هێشتا کۆتایی بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا نەهێناوە، ئەگەر ئەمەریکییەکان قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە کە لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا بەر ئێران کەوتووە، لەوانەیە ئێمە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان، ئامادە بین.
بە شێویەکی گشتیی، وا دەردەکەوێت ئێرانییەکان ئامادەن ڕاستەوخۆ و بە چەند پێشمەرجێک لەگەڵ ئەورووپییەکاندا دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمی وڵاتەکەیان گفتوگۆ بکەن. بەڵام بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکییەکان دڵساردن و نایانەوێت ڕاستەخۆ لەگەڵیاندا کۆببنەوە، مەگەر لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوە بێت.
شرۆڤەکارانی سیاسی لەوە دڵنیا نین کە ئایا دانوستانەکانی ئێران و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە چ ئەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە؛ ئایا ئەوان بە پێشمەرجەکانی ئێران ڕازیی دەبن؟ یان سزاکان کارا دەکەنەوە، کە ئەمەش مەترسی سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکە لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات!
وا دیارە بەرپرسانی ئێران، بە شێوەیەکی گشتیی ئامادە نین دەستبەرداری پێتاندنی یۆرانیۆم ببن، لە کاتێکدا ئەمە داخوازییەکی سەرەکی ئەورووپا و ئەمەریکایە.
عەباس موقتەدایی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئیران دەڵێت: ئەگەر سزا ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران چالاک بکرێنەوە، لەوانەیە ئێران لە پابەندییە ئەمنییەکانی خۆی لە کەنداو و گەرووی هورمز بکشێتەوە.