نرخی مریشک دابەزی
بەرهەمی گۆشتی مریشک بە ڕێژەی 58% لە خواستی ناوخۆ زیاترە

بەهۆی ڕێگەگرتن لە هەناردەکردنی مریشک بۆ شارەکانی سنووری حکوومەتی عێراق، نرخی مریشکی زیندوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکان، ئێستا یەک کیلۆ مریشکی زیندوو بە دوو هەزار و 800 دینارە، هەروەها بەرهەمی گۆشتی مریشک بە ڕێژەی %58 لە ئاستی خۆ بژێوی و پێویستی ناوخۆ زیاترە.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تەممووزی 2025 بە کوردستان 24ی ڕاگەیاند، ماوەی ساڵێکە حکوومەتی عێراق ڕێگری لە ناردنی مریشک دەکات بۆ پارێزگاکانی سنووری حکوومەتی فیدراڵ، تەنیا لە ماوەی ئەم دوو مانگەی ڕابردوودا بەهۆی زۆری مریشک و کەمی خواستی هاووڵاتییان لەسەر گۆشتی مریشک، خاوەنی پەلەوەرخانەکان نزیکەی 60 ملیار دینار زەرەریان کردووە.
نازم عەبدوڵڵا گوتیشی: چەندین جار داوامان کردووە ڕێگرییەکانی بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان لە شارەکانی عێراق هەڵبگیرێن، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ بەدەم داواکارییەکەمانەوە نایەت.
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن پەلەوەر بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام کێڵگە پەلەوەرییەکان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت بەرهەم دەهێنن کە لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە.
لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی بەردەوام هەر هەموویان بەرهەمیان نییە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکانی لە هەرێمی کوردستان:
- هەولێر 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە 35 پەلەوەرخانە