گوتەبێژی حکوومەتی ئێران: ئەگەر پێویست بکات، پشووەکان زیاد دەکەین

گوتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند: بڕیارە ڕاپۆرتێک دەربارەی کاریگەریی پشووەکان لەسەر بەکارهێنانی وزە و ئاو لە لایەن هاووڵاتیانەوە، ئامادە بکرێت.
سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئەگەری ڕاگەیاندنی پشووی زیاتر بۆ پاشەکەوتکردنی وزە، گوتی: حکوومەت حەز ناکات پشووەکان زۆر بن، چونکە زۆریی پشوو زیان بە حکوومەت دەگەیەنێت. بەڵام ئەگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی وزە و ئاو پێویست بێت، لەوانەیە پشووی زیاتر ڕابگەیەنین.
گوتەبێژی حکوومەت، سەبارەت بە پێشنیازی ئەم دواییەی کە خەڵک لە ماوەی پشووی ڕاگەیەنراوی ئەم هەفتەیەدا دەتوانن گەشت بکەن، گوتی: ئێمە لە وەرزی هاوین و گەشتکردنداین؛ زۆر نییە بارودۆخی قورسی جەنگی 12 ڕۆژەمان تێ پەڕاندووە. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خەڵک هەناسەیەک بدەن و بحەسێنەوە؛ ئێمە ئاگاداری کێشە ئابوورییەکانین.. خەڵکی ئێران لە جەژنی نەورۆزیشدا سەرباری قەیرانی ئابووری، گەشتی زۆریان کرد.
موهاجیرانی، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی بۆچی لە کاتی بڕانی ئاو لە ناوچەیەکدا، پێشتر ئاگەداری هاوبەشەکان ناکرێتەوە، وەک ئەوەی لە کاتی بڕانی کارەبادا دەکرێت؟ گوتی: ئەمە ڕەخنەیەکی ڕاستە و بەدواداچوونی بۆ دەکەم؛ خەڵک دەبێت بزانن لە چ کاتێکدا و تا کەی ئاوی ناوچە، یان گەڕەکەکەیان دەبڕێت.