پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەکاریی دەکەن

ئەمڕۆ پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرزدەبنەوە و پێشبینی دەکرێت تا ڕۆژی دووشەممە بەردەوام بێت، بۆ پارێزگاری لە تەندروستی مرۆڤ و ئاگرکەوتنەوە، دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەکاریی دەکەن.
سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکات، پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆوە پلەکانی گەرما بەپێی جیاوازیی ناوچەکان، پلەیەک یان دوو پلە بەرزبێتەوە، بەرزبوونەوەی شەپۆلی گەرماکەش تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، پێشبینی دەکرێت تاکوو ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، پلەکانی گەرما بەراورد بە تێکڕای پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی ڕابردوو، چوار بۆ پێنج پلە بەرزبێتەوە، ئەگەری هەیە، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، بەرزترین پلەکانی گەرما تۆمار بکرێت، ئەمەش دەبێتە درێژترین ماوەی گەرما کە تۆمار دەکرێت.
فازڵ ئیبراهیم دەڵێت: پلەکانی گەرما کە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردەکانی ڕێکخراوی کەشناسی جیهان، لەسەرتاسەری جیهان پلەی گەرمی هەوا تۆمار دەکرێت، تاوەکو ئێستاش ئەو پلە گەرمییە هەوایانەی تۆمارکراون، تەنها لە سنووری خانەقین نزیک بووینەتەوە لە 50 پلەی سەدی، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرمی 42 بۆ 47 پلەی سەدی بێت.
بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ئاشکرای کرد، حاجی ئۆمەران بۆ پێنجوێن، نزمترین پلەی گەرمیان دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام لە بەشی باشووری هەرێمی کوردستان، زۆرترین پلەی گەرمی لە خانەقین، مەندەلی، کە درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری ئیدارەی گەرمیان، تۆمار دەکرێت.
گوتی: پێشبینی دەکرێت، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، پلەکانی گەرما لە شاری هەولێر بگاتە 47 پلەی سەدی.
ئامادەیی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر لە پوش و پەڵاش زیاتر دەبێت، بۆیە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دەکەونە ئەوپەڕی ئامادەیی.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 18 تیم بەو ناوچانەی سنووری پارێزگای هەولێر بڵاودەکەنەوە کە مەترسی کەوتنەوەی ئاگرییان لێدەکرێت، جگەلەو تیمانە ئامادەییان دەبێت لە بەنداوی گۆمەسپان و سماقوڵی و قەندیل و خەبات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە مەترسی خنکان بپارێزن کە لەنێو ئاوەکان مەلە دەکەن.
موقەدەم شاخەوان سەعید گوتی: تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بەسەر هەر چوار لای هەولێر دابەش دەبن، لەڕێگەی پیرمام بۆ ڕێگەی کۆیە، لەڕێگەی کۆیەش بۆ ڕێگەی مەخموور، لەڕێگەی مەخمووریشەوە بۆ کۆتایی ڕێگەی جەژنیکان.
دەڵێت: پلانی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە 15ـی تەممووزەوە دەستی پێکردووە، تاکو 15ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئاماژە بەوە دەکات، ئەمساڵ 20 کەسیان لە نێو ئاوەکاندا لە خنکان ڕزگارکردووە.
ڕێنماییەکانی تەندروستی
سەبارەت بە تەندروستی هاووڵاتیانیش، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕینماییەکی بۆ خۆپارێزی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، نیشانەکانی خۆربردن ئەوەیە، ڕەنگە پلەی گەرمی جەستە بهاتە 39 بۆ 41 پلە، لێدانی دڵ ناڕێک دەبێت، سەرئێشەی توند مرۆڤ دەگرێت، هاوکات هێڵنج و ڕشانەوەی بەدوادادێت لەگەڵ تێکچوونی هەڵسوکەوت و تێگەیشتن.
وەزارەتی تەندروستی ئامۆژگاری هاووڵاتییان بۆ خۆپارێزی دەکات و دەڵێت: ئەگەر پێویست نەبوو، لە کاتژمێر 11ـ پێش نیوەڕۆ بۆ چواری پاش نیوەڕۆ نەچنە دەرەوە، دەشڵێت: لەو گەرما زۆرەدا، هاووڵاتی بچێتە بەر سێبەر و کاری قورس و وەرزش نەکات، جلی تەنک و ڕەنگی کاڵ بپۆشن، چەتر بەکاربێنن و کڵاوی فراوان لەسەر بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا شلەمەنی زۆر بخورێتەوە، لە خواردنی چەور و قورس بەدوورکەونەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی بەرزترین پلەی گەرمی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت، بەشێوەیەک لە هەولێر دەگاتە 47 پلەی سەدی، لە سلێمانی 45 پلەی سەدی، دهۆک 46 پلە، کەرکووک 46، هەڵەبجە 45، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ46، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران44، گەرمیان49 پلەی سەدی دەبێت.

