هاکان فیدان: ئامانجی ئیسرائیل ئەوەیە سووریا دابەش بکات

وەزیری دەرەوەی تورکیا باس لەوە دەکات، لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی سووریا دەکەین و ئاگاداری هەموو ئەو پێشهاتانەین لە وڵاتەکە دا ڕوودەدەن.
سێشەممە، 22ی تەممووزی 2025، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلێکساندرا هیل وەزیری دەرەوەی ئێلسلڤادۆر، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی ئەنجامدا و ڕایگەیاند: ماوەی هەفتەیەکە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین، هەر لە سەرەتاوە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو پێشهاتانەین کە لە باشووری وڵاتەکە ڕوو دەدەن.
هاکان فیدان گوتی: ڕووداوەکان بە دەستێوەردانی ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی درووزەکان ڕوخسارێکی دیکەی وەرگرت، هەروەها ماوەی حەوت مانگە دەوڵەتانی ناوچەکە، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بە مەبەستی پشتیوانی کردنی گەلی سووریا هەڵوێستێکی بنیاتنەریان نیشانداوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و کارەکتەرە هەرێمییەکان هەوڵ دەدەن سووریا نەبێتە شوێنێک میوانداری تیرۆر بکات و نەبێتە سەرچاوەی کۆچی نایاسایی، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت هەموو ئەو هەوڵانە تێکبدات کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی ئاشتیی و سەقامگیریی و ئاسایشە لە سووریا.
هاکان فیدان جەختی لەوە کردەوە، ئیسرائیل نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوری خۆی ببینێت، ئامانجی ئەوەیە سووریا دابەش بکات.
شەممە، 19ی تەممووز 2025، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەو پارێزگایەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە درووزەکانن.