ئەمەریکا چەکی ئەتۆم لە بەریتانیا جێگیر دەکاتەوە

ڕۆژنامەیەک ئاشکرای کرد، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2008ـەوە، ئەمەریکا چەکی ئەتۆم لە بەریتانیا جێگیر دەکاتەوە. گوتەبێژی کرێملینیش لەو بارەیەوە گوتی: ئەمە هەنگاوێك دەبێت بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان.

سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانیا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، فڕۆکەیەکی سەربازیی C-17ـی ئەمەریکی، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە بنکەی سەربازیی (ئاڕ ئەی ئێف لەینکنهیس) لە ناوچەی سەفێک لە ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا نیشتووەتەوە، فڕۆکەکە لە بنکەی هێزی ئاسمانیی کرێتلاند، لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆوە هاتبوو، کە بنکەی هێزە ئاسمانییەکە شوێنی تایبەت بە هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی لێیە.

هەروەها ڕۆژنامەکە لە زاری چاودێرانی سیاسی ڕایگەیاندووە، کاتێک فڕۆکە ئەمەریکییەکە لە بنکەی (ئاڕ ئەی ئێف لەینکنهیس) لە بەریتانیا نیشتووەتەوە، دەستبەجێ نەگەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە واشنتن بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2008ـەوە چەکی ئەتۆم لە بەریتانیا جێگیر دەکاتەوە.

لای خۆیەوە دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (کرێملین) لە لێدوانێکدا سەبارەت بەم بابەتە گوتی: ئەو کارەی ئەمەریکا هەنگاوێک دەبێت بەرەو پەرەسەندنی گرژییەکان.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و بەریتانیا، ڕەتیانکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو ڕاپۆرتە بدەن و ڕایانگەیاند: پابەندین بە سیاسەتەکانمان کە ئاشکراکردنی شوێنی چەکی ئەتۆمی قەدەغە دەکات.

بنکەی سەربازیی (ئاڕ ئەی ئێف لەینکنهیس)، کە بارەگای پاڤیلیۆنی تایبەت بە هێزی شەڕکەری (48)ـی ئەمەریکایە و فڕۆکەی جەنگی F-15E لێیە.

لە ساڵی 2008، ئیدارەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لە بەریتانیا هەڵوەشاندەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment