وەزیری بەرگریی سووریا: ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکانی سوەیدا سزا دەدرێن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025،  مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا ڕایگەیاند، هیچ ئەنجامدەرێکی پێشێلکاری لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا قبوڵ ناکرێت، تەنانەت ئەگەر سەر بە وەزارەتی بەرگریش بن.

بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕاشیگەیاند، وەزارەتەکە بە نوێنەرایەتی ئەبو قەسرە بەدواداچوونیان بۆ ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە "پێشێلکاریی ترسناک و ڕژد لەلایەن گرووپێکی نەناسراو بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە شاری سوەیدا دا کردووە".

هەروەها بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکسی وەزارەتەکەدا بڵاوی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "بە پشتبەستن بەو فەرمانە توندانەی لەلایەن وەزارەتەکەوە دەرچووە و قەدەغە دەکات بۆ چوونە ناوەوەی هەر پێکهاتەیەک کە پەیوەندی بەوەوە نییە بۆ ناوچەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ چاودێریکردنی ئەو پێشێلکاریانەی لە شاری سوەیدا ڕوویانداوە و لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی و پاشخانی ئەو کەسانەی ئەنجامیانداوە دەکرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرترین سزا بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێت کە سەرپێچییان لە شاری سوەیدا کردووە کاتێک دەستنیشانکران.

بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا هەروەها گوتیشی: ئەبو قەسرە ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکانی لیژنەی پێشێلکارییە سەربازییەکان دەکات. هەروەها لە لێدوانەکانی پێشوودا پشتڕاستمانکردەوە، چەندان گرووپی ناوچەیی لە شاری سوەیدا ئامادەبوون و ئۆپەراسیۆنیان لەوێ کردووە. لە کۆتاییدا دەڵێت: "لێکۆڵینەوەکان هەموویان دەگرێتەوە".

یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی کەناراوەکانی سووریا هەزار کەسی تێپەڕاند.

هەمان ڕۆژ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لێژنەیەکی سەربەخۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا پێکهێناوە کە لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانە دەکات دەرهەق بە هاووڵاتییانی مەدەنی کراوە.

شەرع ئاماژەی بەوە كرد، ئەرکی لێژنەکە ئاشکراکردنی هۆکار و دۆخی ڕووداوەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی بەرپرسن لە تاوانی کۆمەڵکوژکردنەکە دەدرێنە دادگا، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو، هەموو هاوکارییەکی ئەو لێژنەیە بکەن.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment