لە قوتابخانەیەکی ئەمەریکا بڕوانامەی فێربوونی زمانی کوردی بەخشرایە 64 قوتابی

لە قوتابخانەیەکی شاری ناشڤیلی ویلایەتی تێنەسی ئەمەریکا، بڕوانامەی فێربوونی زمانی کوردی بەخشرایە 64 قوتابی کورد کە لەو شارە دەژین. ئێستا قوتابییەکان باشتر لە جاران دەتوانن بە زمانی زگماکی خێزانەکانیان بنووسن و بخوێننەوە.

قوتابخانەکە بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا کراوەتەوە. 

لەوبارەوە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ڕایگەیاند "خۆشحاڵین بەو هەماهەنگییە بەرزەی نێوان وەزارەتی پەروەردە و کۆنفیدراسیۆنی کوردستانیدا هەیە؛ بەرهەمەکەیشمان بینی کاتێک 64 قوتابی کورد، بڕوانامەی فێربوونی زمانی کوردییان وەرگرت، پیرۆزباییان لەوان و خانەوادەکانیان دەکەم."

سیرا سادق، قوتابییەکی دەرچووی خولەکەیە و بـە عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سوپاسی ڕێکخەران دەکەین، زۆر سوودمان لە مامۆستاکانمان بینی و دەستیان خۆش بێت. گرنگە هەموو منداڵێکی کورد فێری زمانی دایک ببێت، تا بتوانێت باشتر بخوێنێتەوە و بنووسێت؛ بژی کورد، بژی کوردستان."

لەو قوتابخانەیەی شاری ناشڤیل، کۆمەڵێک مامۆستا خۆبەخشانە وانە دەڵێنەوە و پەرۆشن بۆئەوەی منداڵانی يەوەندی کوردی فێری زمانیی دایکیان ببن. نازدار جەمیل، یەکێکە لە مامۆستا خۆبەخشەکانی قوتابخانەکە و دەڵێت: "خۆم دایکم و مامۆستاشم، زۆر گرنگە منداڵەکانمان فێری زمانی کوردی بکەین و داواش لە هەموو دایک و باوکان دەکەم هەمان کار بکەن."

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند ناوچەیەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کوردان خۆیان قوتابخانەیان بۆ منداڵانیان کردووەتەوە؛ فێری زمانی کوردی، مێژووی نەتەوەکەیان و پەروەردەیان دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment