سۆران.. دوای تەواوبوونی پڕۆژه‌ی دووسایدی 30 مه‌تری، بازاڕێکی هاوچەرخ دروست دەکرێت

پڕۆژه‌ی دووسایدی 30 مه‌تری شارۆچكه‌ی ناوه‌ندی سۆران گه‌یشتۆته‌ قۆناخی كۆتایی و له‌سه‌دا 80ـی ته‌واو بووه‌، له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونیشی بازاڕێكی هاوچه‌ر بنیاد ده‌نرێت، كه‌له‌مێژووی ناوچه‌كه‌دا بێوێنه‌ ده‌بێت.

قۆناغی كۆتایی و قیڕتاوكردنی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی ناوه‌ندی سۆرانه‌، دووسایدی 30 مه‌تری ماوه‌ی حه‌وت سه‌د ڕۆژی بۆ دیاری كراوه‌، به‌ڵام توانای به‌رزی مرۆیی و لۆجیستی كۆمپانیای كاڤین گرووپ وایكردووه‌ به‌رله‌واده‌ی دیاریكراوی خۆی كۆتایی بێت.

كانیوار جوبرایل، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌كه بە کوردستان24ـی گوت: قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە، بەگوژمەی نزیکەی نۆ ملیار و ‌228 ملیۆن دینارە، کە زیاتر لە 30 هەزار مەتر دووجا قیرتاو و دروستکردنی شۆستە و ئاوەڕۆ و گواستنەوەی بۆری ئاوی خواردنەوە لەخۆ دەگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، شەقامەکە دوو سایدە و 30 مەتر پانە و هەرسایدێک سێ لاینە.

یه‌كسایدیی و دیمه‌نی ناشیرینی پێشووی ئێره‌ وایكردووه‌ به‌جێبه‌جیكردنی دووسایدی 30 مه‌تری هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ دڵخۆشبن.

زریان ته‌ها، هاووڵاتی دەڵێت: بەهۆی ئەنجامدانی پرۆژەکە و دووسایدکردنی شەقامەکە، هەم جەنجاڵی لەناو بازاڕی سۆران کەم دەبێتەوە، ئێمەش وەکوو دانیشتوانی ناوچەکە دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.

قه‌یته‌ران ئه‌حمه‌د، هاووڵاتی ڕوونیکردەوە، شەقامەکە گەورەکراوە، بە ماوەیەکی کەم ئەو پرۆژەیان تەواو کرد.

دووسایدی 30 مەتری سۆران تەنیا کاریگەری لەسەر ڕێکخستن و ئاسانکاری هاتوچۆنابێت، دەسپێکێکە بۆ بنیادنانی بازاڕێکی هاوچەرخ کەلەمێژووی ناوچەکەدا بێوێنە دەبێت، دیزاینی بازاڕێكی هاوچه‌رخه‌و له‌شارۆچكه‌ی ناوه‌ندی سۆران جێبه‌جێده‌كرێت، هاووڵاتیان ده‌توانن ئاسانتر له‌ جاران بازاڕ بكه‌ن و سیمایه‌كی شارستانیش‌ ده‌به‌خشێت و سۆران ده‌باته ‌قۆناخێكی تازه‌ی شارێكی پێشكه‌وتوو له‌بواری بازاڕو بیناسازیدا.

 
 
Fly Erbil Advertisment