لێپرسینەوەی یاسایی لە لامین یامال دەکرێت
یامال دەبرێتە بەردەم داواکاری گشتی ئیسپانیا

وەزارەتی مافە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسپانیا داوای لە داواکاری گشتی وڵاتەکەی کردووە، لێکۆڵینەوەی ورد لە ئەستێرەی بەناوبانگی بارسێلۆنا لامین یامال بکات.
تۆڕی بی بی سی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، کە یاریزانە بە رەچەڵەك مەغریبییەکە لە ئاهەنگی لەدایکبوونی بوونی، چەند کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت "کورتەباڵا"ی بەکرێ گرتووە بۆئەوەی نمایش بکەن.
چەند راپۆرتێکی دیکەش ئەوەیان ئاشکراکردووە، یامال کۆمەڵێك کەسی "کورتەباڵا"ی بۆ کاتبەسەربردن لە ئاهەنگی بوونی بە 18 ساڵ بە پارە بانگهێشتکردووە، بەهۆیەوە کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی ئیسپانیای تووڕەکردووە و بە کارێکی نەشیاویان لە سەدەی 21 وەسفکردووە.

لامین ئاهەنگی لە دایکبوونەکەی لە گوندی ئۆلیڤیلا گێڕا، کە دەکەوێتە دووری 50 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری بارسێلۆنا.
لە ئاهەنگی لاوە بەناوبانگەکەی ئیسپانیا چەند یوتیوبەرێکی بەناوبانگ، کچە مۆدێل، هاوڕێ نزیکەکانی و ژمارەیەك لە یاریزانانی یانە کەتەلۆکییەکە ئامادەبوون.

سەرەتا وابڵاوکرایەوە لە ئاهەنگەکە وێنەگرتن قەدەغەیە و نابێت هیچ کەسێك مۆبایلی پێبێت، بەڵام دواتر چەند دیمەنێكی ئەو رۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستی پێکرا.
لامین یامالی ئیسپانی تەمەنی 18 ساڵە و لە 2023 سەرخراوە بۆ تیمی یەکەمی بارسێلۆنا. ئەو کاتە بەهای تەنیا 25 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 200 ملیۆن یۆرۆیە و گرانترین یاریزانی جیهانە.