پارێزگاری واست دەستی لەکار کێشایەوە

محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست دەستی لەکار کێشایەوە و ڕایگەیاند: هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییەم ڕۆحی شەهیدانی ڕووداوی ئاگرەکەی کوت ئاسوودە بکات.
چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیوویەتی: من ئەمڕۆ لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگا، وەک دەربڕینی دڵسۆزی بۆ کەسوکاری شەهیدانی ڕووداوی ئاگرەکەی کوت و خەڵکی پارێزگاکە، دەستم لەکار کێشایەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە، هیوادارم بەو دەستپێشخەرییەم، ڕۆحی شەهیدانی ڕووداوی ئاگرەکەی کوت ئاسوودە بێت و کەمێک لە ئازاری کەسوکارەکانیشیان کەم ببێتەوە.
پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵیکی پێنج نهۆمی لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست، 61 کەس گیانیان لە دەستدا، کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە خنکاون،
هەمان ڕۆژ نەئواس سەباح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕاگەیاند: کاتێک باڵەخانەکە ئاگری گرت تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەر زوو گەیشتنە شوێنەکە و توانیان 45 هاووڵاتی ڕزگار بکەن، هەروەها زۆرینەی قوربانییەکانی ڕووداوەکە لە نهۆمەکانی سەرەوە بوون، لە کاتێکدا زۆرینەی هاووڵاتییانی نهۆمەکانی خوارەوە توانیان خۆیان دەرباز بکەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا ئاگرەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە دەستی پێ کردووە، کە تایبەت بوو بە فرۆشتنی بۆن و کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتان.
نەئواس سەباح، گوتی: لە هەموو نهۆمەکانی باڵەخانەکەدا ڕەچاوی ڕێوشوێنی سەلامەتی نەکراوە، لە ماوەکانی ڕابردوودا خاوەنی باڵەخانەکە پێبژاردنی بۆ کرا و باڵەخانەکەی بۆ ماوەی شەش مانگ داخرا، سەرەتا باڵەخانەکە تەنیا چێشتخانەی تێدا بووە، بەڵام دواتر خاوەنەکەی بە نایاسایی کردوویەتی بە مۆڵێکی بازرگانی.