لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەریاچەی ورمێ وشک دەبێت

بە گوێرەی دوا لێکۆڵێنەوەی پسپۆڕانی ژینگە و وێنەی مانگە دەستکردەکان، دەریاچەی ورمێ لە خراپترین دۆخدایە و تا چەند ڕۆژێکی تر بە تەواوەتی وشک دەکات.

حوجەت جەباری، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای ورمێ، بە پەیامنێری ئاژانسی 'ئیلنا'ی ڕایگەیاند "دەریاچەی ورمێ، بە ڕووبەری زیاتر لە 5 هەزار کیلۆمەتر دووجا، دووەم گەورەترین دەریاچەی سوێری جیهان و گەورەترین دەریاچەی سوێری ئێرانە، ئێستا خەریکە بە تەواوەتی وشک دەبێت." 

جەباری، گوتی: بەشی باکووری دەریاچەکە، کە تەنیا 100 کیلۆمەتری چوارگۆشەی ڕووبەری گشتیی دەریاچەکە پێکدەهێنێت، ڕێژەیەکی یەکجار کەم، بە قووڵیی 5 سانتیمەر ئاوی تێدا ماوە و بەم زووانە ئەویش دەبێتە هەڵم. پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری لەوە دەدەن، تا کۆتایی ئەم هاوینە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، دەریاچەکە وشک دەبێت و دەشتێکی شۆرەزار جێگەی دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای ورمێ، هۆی سەرەکی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، گەڕاندەوە بۆ کەمبارانی، بیرلێدانی بێبەرنامە، دروستکردنی بەنداو و بەڕێوبردنی نالەباری سەرچاوە ئاوییەکان. 

جەباری هەروا گوتی: لە ڕاستیدا ئێمە ئێستا شایەدی کۆتایی ئەم دەریاچەیەین و دەبێت بە جددی خۆمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی دواتر، ئامادە بکەین.

 وشکبوونی دەریاچەکە، کێشە و گرفتی کارەساتباری لێ دەکەوێتەوە، وەک هەڵکردنی باهۆزی خوێ، وێرانبوونی باخ و بێستانەکان، کۆچی ناچاریی دانیشتووان و لەناوچوونی باڵندە کۆچەرییەکان.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندان نەخشە و بەڵێنی جۆراوجۆر بۆ زیندووکردنەوەی دەریاچەکە پێشنیاز کران، بەڵام وەک دەردەکەوێت، هیچ کام لەوانە نەیانتوانیوە ڕێگە لە مەرگی لەسەرخۆی ئەم ڕووبەرە ئاوییە گرنگە بگرن.

 
Fly Erbil Advertisment