رامی عەبدولڕەحمان بۆ کوردستان24: هێزەکانی ئەحمەد شەرع لەنێو سوەیدا کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە

ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوەیدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی سڤیل و منداڵ و ڕۆژنامەنووس کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی تەممووزی 2025، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: هێزەکانی ئەحمەد شەرع لەنێو سوەیدا کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە، بە وێنە و ڤیدیۆ تۆمارکراوە و بەڵگەکان ڕوونن، لەسەر بنەمای مەزهەبی لە سووریا کۆمەڵکوژی دەکرێت، ئەحمەد شەرع دەیەوێت ماکیاژ و جوانکاری بۆ ئەو تاوانانە بیکات کە بە فەرمانی ئەو دەکرێن، بەڵام ئەم سیناریۆیانە سەرناگرن.

ڕامی عەبدولڕەحمان گوتی: بەگوێرەی ئەو ئامارانەی هەن، نزیکەی 600 کەس لە درووزەکان کوژراون، کە 140یان ژن و منداڵ بوونە چەکیان لەلا نەبووە، لە هێزەئەمنییەکانی سووریاش زیاتر لە 400 کەس کوژراون، 15 کەسیان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەکی دیکەی درووزەکان بەدەستی بەدەوییەکان لە سێدارەدراون، پێویستە سووریا بۆ هەموو خەڵکی سووریا بێت، هۆزەکانی سووریا لە سووپای سووریا زیاتر چەکیان هەیە.

هەفتەیەکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕووی داوە، دواتر هێزەکانی حکوومەت و سوپای ئیسرائیل دەستتێوەردانیان کرد و گرژییەکان فراوانتر بوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment