ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی عەفرین کەوتەوە

ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی چیاکانی ناوچەی 'شێ'ی سەر بە عەفرین کەوتەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و خەڵکی ناوچەکە بە توانای کەمەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی گەیشتوون، دوێنێ چوارشەممە،23ـی تەمموز، ئاگرێک لە دارستانەکانی چیای ئاڵتی کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی ترمیشا و ئەرندێ لە ناوچەی شێ، کەوتووەتەوە و تا ئێستاش بە تەواوەتی کۆنترۆڵ نەکراوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکی ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کەوتوونەتە خۆ. بەڵام بەهۆی سەختیی ناوچەکە، تیمەکان ناتوانن بە ئاسانی بگەنە شوێنی ئاگرەکە؛ هەروەها، کەمیی کەرەستەی پێویست و تانکەری ئاو، کاری کوژاندنەوەی ئاگرەکەی قورستر کردووە.
سەرەڕای سەختی و کەموکووڕییەکان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە و تیمە خۆبەخشەکان، بە خێرایی دەستیان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە.
مەسعود بەتاڵ، بەڕێوەبەری هەرێمی عەفرین، گەیشتووەتە شوێنی ئاگرەکە و پشتیوانیی بەپەلە بۆ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نێردراوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، بەهۆی هەوڵە هاوبەشەکانەوە تا ئێستا %90ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی هەموو ئاگرەکە، بەردەوامە.