سەرۆکی بەڕازیل: ترەمپ قسەم لەگەڵ ناکات

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا "نایەوێت گفتوگۆم لەگەڵ بکات".
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، سەرۆکی بەرازیل ڕایگەیاندووە: "سەرۆکی ئەمەریکا قسەم لەگەڵ ناکات و ئەگەر ترەمپ دەیەوێت قسە بکات، با پەیوەندیم پێوە بکات"، ئەوەش دوای ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە دانانی باجی 50% لەسەر هاوردەکردنی بەڕازیل دەکەن.
سیناتۆر جاک ڤاگنەر، لە ویلایەتی باهیا لە بەڕازیل ڕایگەیاند "شاندێکی بەڕازیلی لەم کۆتایی هەفتەیەدا گەشت دەکات بۆ ئەمەریکا بۆ دانوستان لەسەر ڕێوشوێنی گومرگی ئەگەری.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی لە پلاتفۆڕمی خۆی تروس سۆشیال بڵاو کردەوە و تێیدا سەپاندنی 50% باجی بەسەر سەرجەم هاوردەکردنی بەڕازیل ڕاگەیاندبوو، کە لە 1ـی ئابەوە دەستپێدەکات، ترەمپ پێشتر هەڕەشەی سەپاندنی باجی زیادەی 10%ی بەسەر ئەو وڵاتانەدا کردبوو کە پشتگیری لە سیاسەتەکانی "دژە ئەمەریکی بریکس" دەکەن، ڕێوشوێنەکانی بەستەوە بە پاڵپشتیکردنی جاییر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی پێشووی بەرازیل، کە ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی دادوەری دەبێتەوە.
ئەمەش دوای ئەو ڕاپۆرتانە دێت کە باس لە 50%ی باج لەسەر هاوردەکردنی بەڕازیل دەکرێت.