ئەمەریکا قەدەغەکردنی تیک تۆک بۆ هەفتەیەک دوادەخات

ئەو بڕیارەش لە رۆژی 27ـی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

K24 - هەولێر

وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، قەدەغەکردن و لادانی ئەپی تیک تۆکی چینی، لە ئەپ ستۆرەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەی هەفتەیەک، تاوەکو 27 ئەیلوول دوادەخات.

وەزارەتی بازرگانیی ئەمه‌ریکا رایگەیاندبوو، بەهۆی هەڕەشەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی، لە یەکشەممەوە داونلۆدکردنی هەریەك لە ئه‌پڵیكه‌یشنەکانی تیکتۆك و ویچاتی چینی لە ئەمه‌ریکا رادەگیرێت، کە سەر بە هەردوو کۆمپانیا بایت دانس و تێنسێنتی چینین.

وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، بڕیارەکەی هەردوو کۆمپانیای ئەپڵ و گوگڵ ناچار دەکات، ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک لە لیستی ئەپ ستۆرەکانیان لابدەن، ئەو بڕیارەش لە رۆژی 27ـی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو درێژکردنەوەیە دەرفەت بە گرووپی بایت دانسی چینی و هەردوو کۆمپانیای ئۆراکل و وۆڵمارتی ئەمریکی دەدات بۆ ئەوەی کۆتایی بە گرێبەستی نێوانیان بهێنن و تۆڕێکی نوێ لە ژێر ناونیشانی تیک تۆک گڵۆباڵ دابمەزرێنن و، سەکۆی بەگەڕخستنی ئەپڵیکەیشنە لە ئەمریکا لە ژێر چاودێری واشنتن بێت و ناوەندی سەرەکی کۆمپانیاکەش لە تێکساس بێت.

پێشتر وەزارەتی بازرگانی ئه‌مه‌ریكا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، حیزبی شیوعی چینی سەلماندوویەتی، ئامراز و نیازی هەیە ئەو دوو ئەپڵیکەیشنە لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوەش بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ئابووری و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment