زیاتر لە 220 پەرلەمانتاری بەریتانیا داوا لە حکوومەت دەکەن دان بەدەوڵەتی فەڵەستین دا بنێت

زیاتر لە 220 پەرلەمانتاری بەریتانیا کە دەیانیان سەر بە پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدارن، داوایان لە حکوومەت کرد بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت، بەمەش فشارەکانیان بۆ سەر کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا زیاد کردووە.
221 پەرلەمانتاری بەریتانیا لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ حکوومەتیان نووسیووە "داواتان لێدەکەین لە کۆنفرانسی هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن."
پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەش کردووە "ئێمە دەزانین کە بەریتانیا توانای بەدەستهێنانی فەڵەستینێکی ئازاد و سەربەخۆی نییە، بەڵام دانپێدانانەکەی بەریتانیا کاریگەریی گەورەی دەبێت."
ئەم داوایە لە نامەیەکدا هات کە واژۆی نوێنەرانی نۆ پارت و لایەنی سیاسی بەریتانیای تێدابوو، ئەمەش لە دوای ئەوە هات، کە ئیمانوێک ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولدا، بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێت.
فەرەنسا دەبێتە یەکەم وڵاتی گرووپی حەوت و بە بەهێزترین وڵاتی ئەورووپی ئەم هەنگاوە بنێت، کە ئەم هەنگاوەی ئیدانەکردنی لە لایەن ئیسرائیل و ئەمەریکا لێکەوتەوە.
کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئێستا لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین، ئەمەش لەکاتێکدایە کە شەڕی غەززە بەردەوامە و برسیەتی بەکۆمەڵ تەنگی بە غەززەییەکان هەڵچنیووە
واژۆکارانی پارتەکانی بەریتانیا ئاماژەیان بە "پەیوەندییە مێژووییەکانی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان" کردووە و ڕایانگەیاندووە، بەریتانیا ڕۆڵی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی جاڕنامەی بلفۆرەوە لەساڵی 1917 هەبووە. کە حکوومەتی بەریتانیا لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتگیریی لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان لە فەڵستین کرد، کە ئەوکات ناوچەکە لەژێر دەستی عوسمانییەکان بووە.
هەینی 25ـی تەممووزی 2025، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان داوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە تەلەفۆن لەبارەی دۆخی مرۆیی غەززە قسەیان کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو سێ وڵاتە داوا لە حکوومەتی ئیسرائیل دەکەن دەستبەجێ هەموو سنوورەکان لەسەر دابەشکردنی هاوکاری مرۆییەکان هەڵ گرێت و هەنگاوی جددی بۆ چارەکردنی قەیرانی خۆراک لە کەرتەکە بگرنە بەر.
هەروەها داواش لە ئیسرائیل دەکەن، ڕێگە بە ڕێکخراوە مرۆییە ناحکوومییەکان بدەن کار و چالاکییەکانی خۆیان بکەن.
ئەو سێ وڵاتە لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختییان کردووەتەوە، پێداویستییە سەرەکییەکانی وەکوو ئاو و خۆراک دەبێت دەستبەجێ بگەیندرێتە هاووڵاتییانی غەززە.
دووپاتیشییان کردووەتەوە، ئەو دۆخەی ئێستا لە غەززە هەیە قبووڵ کراو نییە و دەبێت ئیسرائیل ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.