لەمەودوا قوتابییانی کورد ناتوانن لە سێ زانکۆی عێراق بە کوردی تاقیکردنەوەکان بکەن

چیدیکە قوتابییانی کورد لە هەر سێ زانکۆی کەرکووک، مووسڵ و دیالە ناتوانن بە زمانی کوردی تاقیکردنەوەکانیان بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی کە ڕۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، دەرچووە؛ زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالەی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگەی بە قوتابییانی کورد دەدا، بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بدەنەوە و دواتر وەرگێڕانیان بۆ بکرێت.
بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تایبەت بە قوتابییانی کورد لەو سێ زانکۆیە، ساڵی 2010 دەرچوو بوو، بەڵام وەزارەتەکە لە نووسراوەکەی ئەمجارەیەدا، دووپاتی کردووەتەوە، چیدیکە کار بەو بڕیارە ناکرێت و هەر زانکۆیەکیش پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و ڕێکاری یاسایی لەگەڵی دەگیرێتەبەر.
لەوبارەوە، د. نەهلە ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری لێ داوە، بە تەواوی پێچەوانەی دەستووری عێراقە و پێشێلكردنی زەقی یاسا و دەستووریشە، چونكە لە ماددەی 4ـی دەستووری عێراقدا بە روونی هاتووە كە زمانەكانی (عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا)، كەواتە هیچ كەسێك ناتوانێت مافێك كە دەستوور بە خەڵكی داوە و گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە، پێشێل بكات. هەروەك بەپێی هەمان ماددە، مافی خوێندن نەك هەر بە زمانەكانی عەرەبی و كوردی دراوە، بەڵكوو ئەو مافە بە (توركمان و سریان و ئەرمەنییەكان)یش دراوە. هەروەك لە بڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا ئەوە ڕوون كراوەتەوە كە دەبێت لەسەر (بنەمای یەكسانی) لە هەموو دامەزراوەكانی عێراقدا هەردوو زمانەكە بەكار بهێندرێت."
د. نەهلە ئەفەندی باسی لەوەش کردووە "ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، پێچەوانەی چەندان بڕیاری دادگای فیدڕالیی عێراقە كە تێیدا جەخت لە یەكسانیی عێراقییەكان لە هەموو بوارەكان دەكاتەوە. بە هەموو جۆرێک ئەم جۆرە نووسراوانە ڕەت دەکەینەوە وهەڵوێستی توندمان دەبێت بەرامبەر یان دەبێت وپەنا دەبەینە بەر دادگاش ئەگەر پێویست بوو."
