وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، لە بارەی بڕیاری قەدەغەکردنی وەڵامدانەوە بە زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، دەڵێت: فەرامۆشکردنی زمانی شیرینی کوردی لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای عێراق پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور و پێکەوەژیانە.

شەممە 26ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، بۆ ڕێگریکردن لە خوێندن و دانانی پرسیار بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی مووسڵ، کەرکووک و دیالە کرد.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ماددەی (4)ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی بەها و بنەماکانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ.

هاوکات وەزارەتەکە، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەکات، دەستبەجێ بڕیارەکە هەڵبووەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور، زمان و فەرهەنگی هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازی.

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکوومەتى عێراق لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەکردنى ئەم پرسە و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە.

وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی کە ڕۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، دەرچووە؛ زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالەی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگەی بە قوتابییانی کورد دەدات، بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بدەنەوە و دواتر وەرگێڕانیان بۆ بکرێت. 

بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تایبەت بە قوتابییانی کورد لەو سێ زانکۆیە، ساڵی 2010 دەرچوو بوو، بەڵام وەزارەتەکە لە نووسراوەکەی ئەمجارەیەدا، دووپاتی کردووەتەوە، چیدیکە کار بەو بڕیارە ناکرێت و هەر زانکۆیەکیش پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و ڕێکاری یاسایی لەگەڵی دەگیرێتەبەر.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment