شاخەوان عەبدوڵڵا: بڕیاری قەدەغەکردنی وەرگێڕانی وەڵامی پرسیارەکان کاری پێ ناکرێت

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق قسەم کردووە و پێی ڕاگەیاندووم، "بڕیاری قەدەغەکردنی وەرگێڕانی وەڵامی پرسیارەکان کاری پێ ناکرێت و پارساڵیش بە هەمان شێوە ڕامانگرت".
شەممە 26ـی تەممووزی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ لەگەڵ نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق قسەم کرد و، لە بارەی ئەو نووسراوەی وەزارەت بۆ قەدەغەکردنی وەرگێڕان و وەڵامدانەوە جگە لە زمانی عەرەبی، ئەویش پێی ڕاگەیاندنم، "ئەو بڕیارە کاری پێ ناکرێت و پارساڵیش بە هەمان شێوە ڕامانگرت".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بە سوپاسەوە وەزیری خوێندنی باڵای عێراق گوتووێتی، "من ڕێزی زمانی کوردی دەگرم و ئەوەی کراوە لە ناو کۆمەڵێک ڕاسپاردەی وەزارەت بووە".
شاخەوان عەبدوڵڵا، باسی لەوە کردەوە، پارساڵیش دیسان ئەو بڕیاڕەمان هەڵوەشاندەوە، قوتابییان دڵنیا دەکەینەوە دەتوانن بە زمانی دایک وەڵام بدەنەوە .
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی کە ڕۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، دەرچووە؛ زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالەی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگەی بە قوتابییانی کورد دەدات، بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بدەنەوە و دواتر وەرگێڕانیان بۆ بکرێت.
بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تایبەت بە قوتابییانی کورد لەو سێ زانکۆیە، ساڵی 2010 دەرچوو بوو، بەڵام وەزارەتەکە لە نووسراوەکەی ئەمجارەیەدا، دووپاتی کردووەتەوە، چیدیکە کار بەو بڕیارە ناکرێت و هەر زانکۆیەکیش پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و ڕێکاری یاسایی لەگەڵی دەگیرێتەبەر.