قالیباف: ئیسرائیل دەیەوێت بە جەنگی ئابووری و دەروونی تۆڵە لە گەلی ئێران بکاتەوە

محەممەدباقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند، پاش ئەوەی میللەتی ئێران بە پشتیوانیی و یەکێتییەکی بێوێنە، زەبرێکی قورسی لە ئیسرائیل دا، ئێستا ئیسرائیل دەیەوێت بە جەنگی ئابووری و دەروونی تۆڵە لە خەڵی ئێران بکاتەوە.

یەکشەممە، 27ـی تەممووز 2025، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتاری دەستپێکی کۆبوونەوەی پەرلەمان، گوتی: ئیسرائیل لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، دەیان سەرکردەو و زانای ئێمەیان کوشت و تەنانەت دەستیان لە منداڵ و پیاوان و ئافرەتانی سڤیل  نەپاراست. 

قالیباف گوتی: ئیسرائیل دەستکردی جیهانی ڕۆژئاوایە و ئێستاش ڕۆژانە لە غەززە تاوانی گەورەی دژە مرۆڤایەتی دەکات؛ بۆیە پێویستە پێش ئەوەی ناوچەکە و جیهان بەرەو ئاژاوە و وێرانییەکی زیاتر ببات، ڕێگەی لێ بگیردرێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بە زیانە ماددییەکانی جەنگی 12 ڕۆژە کرد و گوتی: ژێرخانی ئابووریی ئێران زیانی پێ گەیشتووە، ئێستە دەبێ فەرماندە و بەرپرسانی وڵات و پسپۆڕانی ئابوورییە، ڕۆڵی خۆیان لە دامەزراندنەوەی ئەو ژێرخانەدا ببینن. 

قالیباف، لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: کاری حکوومەت ئێستا، چارەکردنی پەلە و خێرای کێشەی کەمیی ئاو و کارەبایە؛ بۆ ئەمەش دەبێت بە بەرنامەی گونجاو بەرەنگاری ئەو قەیرانانە ببێتەوە و بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی جێبەجێ کردنیان بکات. هەروا دەبێت ئەو ڕاستییە بگەیەنێتە هاووڵاتیان کە دەستگرتن بە بەکارهێنانی ئاو و کارەبا، لە بەژەوەندیی گشتییدایە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دەربارەی ڕۆڵی پیشەسازییە گەورەکان لە بواری پشتیوانیی سەربازی و پتەوکردنی ئابووریی وڵات گوتی:
پرۆژە یاسای دابینکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ گەشەپێدانی ئەو پیشەسازییانە، لە پەرلەمان پەسەند کرا، حکوومەت دەبێت سەرباری ئەو هەموو قەیران و گرفتانە، بە هەموو توانایەکییەوە جێبەجێکردن و سەرپەرشتیی کارەکانی ئەو پرۆژەیاسایە بە ئەستۆوە بگرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment