بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، گڕی لە دارستانەکانی ئەورووپا بەرداوە

باشووری ئەورووپا ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوانی دارستانەکان بووەتەوە، کە زۆرجار لە مانگە گەرم و وشکەکانی هاویندا سەرهەڵدەدەن. بەتایبەتی لە ئیتاڵیا، یۆنان و بەشێک لە ئیسپانیا و فەرەنسا ئاگرەکان بەردەوامن لە تورکیاش، ئاگرێکی دیکە کەوتووەتەوە و 1300 کەس ناچار بوونە ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن.
ئیتاڵیا
دەسەڵاتە خۆجێیەکانی حکوومەتی دوورگەی سیسیلیا، ڕایانگەیاندووە "تا ئێستا زیاتر لە 380 ئاگرکەوتنەوەیان لە سەرانسەری دوورگەکە تۆمار کردووە و هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و کەمکردنەوەی زیانەکان."
گەرمای زۆر و 'با'ی بەهێز، کوژاندنەوەی ئاگرەکانی قورستر کردووە. هەزاران ئاگرکوژێنەوە و خۆبەخش هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان دەدەن، بۆ ئەمەش 10 هێلیکۆپتەر و چەند فڕۆکەیەکی تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوە بەکار دەهێنرێن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "RAI"ی ئیتاڵی. لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا 18ـی تەممووز، 653 ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئیتاڵیا تۆمارکراون کە تێکڕا نزیکەی 31 هەزار هەکتار دارستانیان سووتاندووە. ئەم ڕووبەرە، یەکسانە بە ڕووبەری 43 هەزار یاریگەی تۆپی پێ. زۆرترین زیانیش بەر ناوچەکانی باشوور و دوورگەکانی سیسیلیا و سەردینیا کەوتوون. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە هەرێمی ئاپولیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئیتاڵیا، نزیکەی هەزار گەشتیار بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانێکەوە گوێزرانەوە.
فەرەنسا و ئیسپانیا
ئیتاڵیا تاکە وڵاتی باشووری ئەوروپا نییە کە ئێستا ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بووەتەوە؛ بەڵکو لە یۆنان و بەشێک لە ئیسپانیا و فەرەنسا، ئاگر لە دارستانەکان کەوتوونەتەوە. لە نزیک ڕێگەی خێرای A9 لە فەرەنسا بەرەو سنووری ئیسپانیا، لە نێوان شارەکانی ناربۆن و پێرپینیان، ڕووبەرێکی سەد هەکتاری دارستانێک گڕی گرتووە و لەوێش خەڵک گواستراونەتەوە.
سووتانی دارستانەکان هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا دەکات
لە تورکیا، لەم هەفتەیەدا لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرە زۆرەکاندا، لانیکەم 10 کەس مردوون، کە هەموویان ئاگرکوژێنەوە بوون. ئاگرەکان، ناوچە گەشتیارییەکانی وڵاتی لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست گرتووەتەوە، وەک هاوینەهەواری بەناوبانگی ئەنتاڵیا. دوو پارێزگا وەک ناوچەی کارەساتبار ڕاگەیەندراون. سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕایگەیاند "وڵاتەکەمان ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بووەتەوە."
سووتانی دارستانەکان لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا هەڕەشە لە ماڵەکان دەکەن. ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە پارێزگای بورسا، ئاگرێک کەوتەوە و بەهۆی وشکی و 'با'ی بەهێزەوە بەخێرایی بڵاو بووەوە. عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ڕایگەیاند 1300 کەسیان لە نزیک ئاگرەکە گواستووەتەوە.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، پلەی گەرما گەیشتە 50.5 پلەی سەدی، ئەوەش ڕیکۆردێکی بێوێنەیە بۆ ئەو وڵاتە، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا داوا لە هاووڵاتیان دەکات وریا بن و پاشماوەی جگەرە فڕێ نەدەنە سەر زەوی.
