وردبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە لیستی مووچەی مانگی شەش فەرمانبەرانی هەرێم تەواو بوو

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی داوە، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە.
یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە پەیامنێری کوردستان24 شڤان جەباری ڕاگەیاندووە، پێش تەواوبوونی دەوامی وەزارەتی دارایی، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و تەرازووی پێداچوونەوە (میزانیة المراجعة) تەواوبووە و هیچ تێبینی و سەرنجێکیان لەسەر نەبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە زیاتر لە مانگێکە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە.
هەروەها ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، 25ـی مانگی ڕابردوو بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش) لە لایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە.
هەروەها ئاماژەشی دابوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییانەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و یاسای بودجە جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوە بەغدایە کە پابەند نەبووە.