نەجات عەلی: پێویستیمان بە هاوکاری زیاتری هاوپەیمانان هەیە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە

بەرپرسی یەکەی هەشتای پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی خێرا بەڕێوەدەچێت و پێویستە خۆمان لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم بگونجێنین.

نەجات عەلی، بەرپرسی فەرماندەی فەرماندەیی یەکەی هەشتا هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی تەممووزی 2025، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی خولی 18 مینی فەرماندەی هێزەکانی 80 ڕایگەیاند: چەند ساڵێکە بەردەوام مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانمان دەکەین، چیتر ناتوانین بەو شێوە کلاسیکە کۆنەی ڕابردوو بەرگری لە خۆمان بکەین، بەڵکوو پێویستی بەوەیە لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم خۆمان بگونجێنین و سوودی لێ وەرگرین.

هەروەها دەربارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، نەجات عەلی گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی زۆری کردووین لە یەکخستنەوەی هێزەکانمان، پێویستیمان بە هاوکاری زیاتری هاوپەیمانان هەیە بەتایبەتی لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی.

پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ساڵی 2010 ەوە دەستپێکردووە و تا ئێستا هەنگاوی گرنگی بڕیوە و چەندین لیوای هاوبەش درووست کراون. بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرجەم هێزی پێشمەرگە یەک بخرێت و پرۆسەکە کۆتایی بێت، لە ساڵی ڕابردووشەوە پرۆسەی یەکخستنەوە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێرا کراوە.

هەروەها پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت و هەماهەنگی و هاوکاری باشی پرۆسەکە دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment