جۆن بۆڵتن: هێرشە درۆنییەکان گێچەڵکردنە بە هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا

ڕاوێژکاری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا باس لەوە دەکات، پێویستە ڕێگە نەدرێت دەسەڵات لە ئێران زیندوو ببێتەوە و پشتگیریی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە بکرێت هەروەها نابێت ئێستا هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بکشێنەوە.

جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی تەممووزی 2025، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: تا ئەو کاتەی ناسەقامگیری لە عێراق هەبێت پێویستە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێنەوە، پێویستە ئیدارەی ترەمپ وەڵامی هێرشەکان بداتەوە، چونکە لەڕووی ڕاهێنان و داراییەوە ئێران هاوکاری گرووپەکان دەکات لە عێراق و ناوچەکە.

هەروەها گوتی: ئاشتی لە ناوچەکە دا نییە و پێویستە ئاڵۆزییەکان کۆتاییان پێ بێت، پێویستە ڕێگە نەدرێت دەسەڵات لە ئێران زیندووببێتەوە و پشتگیریی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە بکرێت، نابێت ئێستا هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بکشێنەوە.

جۆن بۆڵتن ئاماژە بەوە کرد،هێرشە درۆنییەکان لەلایەن گرووپەکە چەکدارەکانەوە گێچەڵکردنە بە هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و حکوومەتی عێراق لەلایەن ئێرانەوە لەژێر فشارێکی زۆردایە.

باسی لەوەش کرد، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان قبووڵکراو نییە و بەردەوامبوونی مەترسییە بۆ سەر هەرێم و لایەنەکانی دیکەی ناوچەکە، گرووپە چەکدارەکان کێشەن لە ناوچکە دا و ئەگەر لە دەسەڵات ببوومایە بە دڵنیایەوە هێرشم دەکردە سەر گرووپە چەکدارەکان.

دەشڵێت:  گەلی کورد کارێکی گەورەی بۆ ئێمە کردووە لە شەڕی دژبە داعش و هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان هەن و نابێت ڕێگەبدرێت هیج هەڕەشە یان مەترسییەکیان لەسەر هەبێت.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment