بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلەی ڕێختەر لە ڕووسیای دا

وێنەی سونامی کە نیمچە دورگەی کامچاتکای گرتەوە
وێنەی سونامی کە نیمچە دورگەی کامچاتکای گرتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، بە گوڕی 8.8 پلەی ڕێختەر، شەپۆلی سونامی بوومەلەرزەیی کە بەرزییەکەی لە  سێ بۆ چوارمەترەوە بوو، بەشێک لە نیمچە دوورگەی کامچاتکای ڕووسیای گرتەوە.

ڕووسیا، ژاپۆن، ئەمەریکا و چەند وڵاتێک کە هاوسنوورن یان دەکەوێتە ناو زەریای هێمن، هۆشداریی سونامییان بڵاوکردەوە.

دەستەی جیۆفیزیکی ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا پشتڕاستی کردەوە، بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دوای بەهێزترین بوومەلەرزەی ساڵی 1952 بووە و شەپۆلی مەترسیداری سونامی بەدرێژایی کەناراوەکانی لێکەوتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا دەستەی جیۆفیزیکی ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا، ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بوومەلەرزەیە، پێویستە چاوەڕێی نزمبوونەوەی بەهێزی بوومەلەرزەکە بکەین، کە ئەگەری هەیە بگاتە 7.5 پلەی ڕێختەر". "پێشبینیش دەکرێت بوومەلەرزە گەورە و بەرچاوەکان تا 7.5 پلە بۆ ماوەی مانگێکی دیکە بەردەوام بن".

ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 19.3 کیلۆمەتر و نزیکەی 136 کیلۆمەتر لە شاری پترۆپاڤلۆڤسک-کامچاتسکی پایتەختی ناوچەی کامچاتکاوە ڕوویداوە.

لای خۆیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، حکوومەتی مەکسیک فەرمانی بە وەزارەتی پاراستنی مەدەنی کرد، دانیشتووانی ناوچە کەنارییەکان کە ڕوویان لە زەریای هێمن کردووە، بە هۆی مەترسی ڕوودانی سونامی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی دەریای نیمچە دورگەی کامچاتکا لە ڕووسیا ڕوودەدات، بگوازێتەوە.

هەروەها هێزی دەریایی مەکسیک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن "لێشاوی بەهێز لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی بەندەرەکان" بەدرێژایی کەنارەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە، لە باخا کالیفۆرنیا (باکوور)ەوە تا چیاپاس باشوور ڕووبدات.

هاوکات وەزارەتی فریاکەوتنی ڕووسیا ڕایگەیاند، شەپۆلی سونامی بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە شاری سیڤێرۆ-کوریلسک کە دەکەوێتە باکوری دوورگەکانی کوریل. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "شەپۆلەکانی سونامی بەشێکی شاری سیڤێرۆ-کوریلسکی کەنار دەریاکانی ژێرئاوکەوتووە، شارەکە چۆڵکراوە".

لەلایەکی دیکەوە دەزگای کەشناسی ژاپۆن ڕایگەیاند، داوای لە هاووڵاتییان کرد، بەهۆی مەترسی شەپۆلی سونامی لە دەریا و لە کەناراوەکان نزیک نەبنەوە".

بەگوێرەی پەخشی گشتی ژاپۆنی NHK، ئەمە یەکەم شەپۆلی سونامییە بەرزییەکەی بگاتە 30 سانتیمەتر، هەروەها گەیشتووەتە دوورگەی هۆکایدۆ لە باکووری ژاپۆن.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment