هیچ نەخۆشییەکی تەبەق لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە

بەڕێوەبەری بەشی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ساڵێک زیاترە هیچ جۆرە ئاژەڵێکمان لە تورکیاوە هاوردە نەکردووە و بە جددی کار لەسەر ئەوە دەکەین نەخۆشیی تەبەق نەگاتە هەرێمی کوردستان.

چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، ڕێباز ئیسماعیل، بەڕێوبەری بەشی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ نووسراوێکمان لە وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق پێنەگەیشتووە بۆ ڕاگرتنی هاوردەی ئاژەڵ لەدەرەوە.

ڕێباز ئیسماعیل، گوتیشی: هەرکاتێک نووسراومان پێگەیشت ڕێکارەکان جێبەجێ دەکەین، هەرچەندە ساڵێک زیاترە هیچ ئاژەڵێکمان لە تورکیا هاوردە نەکردووە بەڵکو زیاتر بە ترانزێت لە بەڕازیل و وڵاتانی ئەورووپاوە هاوردەی دەکەین.

هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری جددی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبەق، هەر وڵاتێک ئەو نەخۆشییە لە نێو ئاژەڵەکانیدا هەبێت ئێمە ئاژەڵ لەو وڵاتە هاوردە ناکەین، چونکە تەندروستی جیهانی ڕۆژانە ڕاپۆرتەکانیان دەربارەی نەخۆشییەکە بڵاو دەکەنەوە، بۆیە ئێمە لەو وڵاتانەی نەخۆشیەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە، دوور دەکەوینەوە.

بەڕێوبەرەکەی بەشی سامانی ئاژەڵ باسی لەوەش کرد، بۆ کەمکردنەوەی هاوردەی ئاژەڵ و پەرەپێدانی پرۆژەی ناوخۆ، هەموو کار ئاسانییەک دەکەین، ئێمە هانی وەبەرهێنەرەکان دەدەین پرۆژەی گەورە و ستراتیجی لەبواری ئاژڵداریدا بکەن، بۆ ئەوەی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگرین.

ئاماژەی بەوەش دا، کردنەوەی ئەم پڕۆژانە هەلی کار زیاد دەکات و گۆشتی بەکوالێتیمان دەست دەکەوێت و دەبێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی ئاژەڵداری، ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی جددی ناوە، تاوەکوو لەماوەیەکی کەمدا پێویستمان بە هاوردەکردنی ئاژەڵ نەبێت، بەڵکوە بە پێچەوانەوە ئێمە هەناردەی دەرەوەی بکەین.

ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن و 400 هەزار مەڕ؛ ملیۆنێک و 300 هەزار بزن؛ ملیۆنێک و 800 هەزار مانگا؛ 462 هەزار گامێش و زیاتر لە 200 هەزار وشتر لە عێراق هەن و تاوەکو ئێستا 500 سەر مەڕ بەهۆی نەخۆشی تەبەقەوە مردار بوونەتەوە.

نەخۆشی تەبەق، نەخپۆشیەکی ڤایرۆسییە و زیاتر لەناو دەم و شەویلاگی ئاژەڵ بەدەردەکەوێت.

نەخۆشی تەبەق نەخۆشییەكی ڤایرۆسی توندە و تووشی زیاتر لە 70 جۆری ئاژەڵ دەبێت، نەخۆشی تەبەق بە درێژایی سەدە و نیوێك، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا تۆماركراوە،

 
 
Fly Erbil Advertisment