سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دەرەوەى ئیدارەی هەرێم دادەمەزرێندرێن

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکوومییەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەسەر میلاکی حکوومەتی عێراق دادەمەزرێندرێن، بەمەرجێک کارتی نیشتمانیان سەر بە سنووری ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت.

چوارشەممە، 30 تەممووزی 2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوە سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانى ناوچەکانی دەرەوەى ئیدارەی هەرێم، دەتوانن سەردانى زانکۆکان بکەن بۆ زانینی وردەکاریی و پێشکەشکردنى فۆڕمی زانیارییەکان.

عەباس ئەکرەم گوتیشی: دەرچووان ئاگادار دەکەینەوە لە ئەمڕۆوە سەردانی زانکۆکانیان بکەن، بۆ زانینی چۆنیەتى دەستپێکردنى پرۆسەکە و پێشکەشکردنى فۆڕمەکان، دواتریش لە ڕێگەى تۆمارى زانکۆکانەوە ڕاستەوخۆ داتاکان بۆ ئەنجوومەنى ڕاژەى گشتىی فیدراڵى دەنێردرێت.

جەختیشی کردەوە، بە دڵنیاییەوە سەرجەم سێ یەکەمەکانی دەرچووانی ساڵی 2003-2004 تاوەکوو 2024-2025 و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی ماستەر و دکتۆرا دادەمەزرێندرێن.

 
Fly Erbil Advertisment