ئیمارات و ئوردن لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هاوکارییە مرۆییەکان دەگەیەننە غەززە

ئیمارات و ئوردن، لە ڕێگەی فڕۆکەوە هاوکارییەکانیان گەیاندە غەززە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەیرانە مرۆییەی کە ڕووبەڕووی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە بووەتەوە.

چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئوردن (پێترا)، بڵاوی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئوردن کاروانێکی دیکەی هاوکارییە مرۆییەکانیان گەیاندە غەززە، ئەمەش بە هاوبەشیی لەگەڵ هێزی ئاسمانیی ئیمارات ئەو کارەیان ئەنجام داوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەو کارە هاوبەشەی ئوردن و ئیماران لە چوارچێوەی هەوڵە مرۆییەکان بووە بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەیرانەی کە ڕووبەڕووی فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە بووەتەوە.

لە هەواڵی ئاژانسەکەدا هاتووە، دوو فڕۆکەی جۆری (C-130) سەر بە هێزی ئاسمانیی ئوردن و ئیمارارت، بۆ ناردنی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی کەرتی غەززە بەکار هێنراون، هەروەها 16 تۆن خۆراک، شیری منداڵ، لە شوێنە جیاجیکانی غەززە هەڵدراونەتە خوارەوە.

ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە، ئەمڕۆ 58 بارهەڵگری ئیماراتی، لە ڕێگەی دەروازەی زەمینی جۆراوجۆرەوە، چوونەتە ناو کەرتی غەززە، بۆ مەبەستی پاڵپشتی فریاگوزاری و گەیاندنی ئاو لە ڕێگەی وێستەگەکانەوە بۆ دانیشتووانی غەززە.

 
Fly Erbil Advertisment