ئاماری بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک؛ لە هەڵەبجە زۆرترین و لە دهۆکیش کەمترینە

داوا لە وەزارەتی بارزگانیی عێراق دەکرێت پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان درێژ بکاتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانیش، چوار ملیۆن و 365 هەزار و 889 کەس پسوولەکانیان بە ئەلیکترۆنی کردووە.
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.
سیامەند قادر باسی لەوەش کرد، لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوایان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردووە، پرۆسەکە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان درێژ بکرێتەوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا، لەبەر هەر هۆکارێک بێت، نەیانتوانیوە پسوولەی خۆراکیان بە ئەلیکترۆنی بکەن.
ڕۆژی 01ـی حوزەیرانی 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، سەرەتا پێنج ڕۆژ بە شێوەی ئەزموونی بوو، دواتر بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکرد و ماوەی نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بارزگانی، پێشتر پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 کەس لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پسوولەی خۆراکیان هەبوو و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، چوار ملیۆن و 365 هەزار و 889 کەسیان پسوولەکانیان کردووەتە ئەلیکترۆنی کە دەکاتە نزیکەی 81%.
بە گوێرەی ئامارەکان، زۆرترین پسوولەی خۆراک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە ڕێژەی (87%) و کەمترینیشی لە سنووری پارێزگای دهۆک بە ڕێژەی (76%) کراونەتە ئەلیکترۆنی.
ئاماری بە ئەلیکترۆنی پسوولەی خۆراک بە پێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان:
هەولێر: یەک ملیۆن و 656 هەزار و 633 کەس (83%)
سلێمانی: یەک ملیۆن و 609 هەزار و 358 کەس (82%)
دهۆک: یەک ملیۆن و 361 کەس (76%)
هەڵەبجە: 99 هەزار و 537 کەس (87%)
کۆی گشتی: چوار ملیۆن و 365 هەزار و 889 کەس (81%)