شاخەوان عەبدوڵڵا: گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: تا ئێستاش لە وڵاتەکەدا، چەکی نایاسایی و گرووپە چەکدارەکان، هەڕەشە بۆ ئاسایشی ناوخۆ و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن.
پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە شەشەمین کۆنفرانسی سەرۆکی پەرلەمانەکانی جیهان لە جنێڤ، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، گوتی: وێڕای هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری، تا ئێستاش چەکی نایاسایی و گرووپە چەکدارەکان هەڕەشە بۆ ئاسایشی ناوخۆ و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت: بەم دواییانە بینیمان بە دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی تیرۆرستی مەترسیدار کرایە سەر ژێرخان و دامەزراوە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە ژمارەیەک لە کێڵگە نەوتییەکان، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووری و مرۆیی لە ناوچەکە دروست کرد.
29ی تەممووزی 2025، ڕائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی لە عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستە حکوومەتی عێراق ناسنامەی بکەرانی هێرشە درۆنییەکان ئاشکرا بکات، بەڵام بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی ئێمە دەیبینین، ئاشکراکردنی ناسنامەی بکەران سیاسییە، پێویستە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو گرووپانە دا هەبێت.
ڕائید فەهمی گوتی: چەند گرووپێکی چەکداری هەن، لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقن، بۆیە هەندێک جار ئەجێندای لایەنێک لە دەرەوەی عێراق جێبەجێ دەکەن، ئەمە هیچ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر حکوومەتی عێراق هەیە و پێگەی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارییەوە.