لە ئەستێرەیی ریاڵ مەدرید و بەڕازیل بۆ زیندان!
رۆبینیۆ ساڵی یەکەمی لە زیندان تەواو کرد
رۆبینیۆ ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیل، ساڵی یەکەمی لە زیندانی تریمێمبی تەواو کرد، کە ئەم ئەستێرەیە بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی ئەلبانی لە ساڵی 2013 لە ئیتاڵیا، سزای زیندانی بۆ ماوەی 9 ساڵ بەسەردا سەپێندرا، رۆبینیۆ تاکو ئەمڕۆش ئەم تاوانە رەتدەکاتەوە.
سەرەڕای شۆکی کەوتنە خوارەوەی لە لوتکەی شكۆمەندی تۆپی پێ بۆ ژیانی نێو زیندان، رۆبینیۆی 41 ساڵ بەخێرایی خۆی لەگەڵ دەوروبەر و ژیانە نوێیەکەی زیندان گونجاندووە، هەر لەبەر ئەوە نازناوی " زیندانی نمونەیی" لێنراوە.
رۆبینیۆ لە خانەیەکی تەنگدا دەژی کە رووبەرەکەی تەنیا 8 مەتری چوارگۆشەیە، لەم ژوورەدا کەسێکی تەمەن 22 ساڵان هاوبەشییەتی کە تۆمەتبارە بە هاندانی خۆکوشتن.

پلانی رۆبینیۆ بۆ سەردەمی دوای زیندان
بەپێی سەرچاوەکان لەنێو زینداندا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان رۆبینیۆ و واڵتەر دیڵگاتی دروست بووە، کە ئەم کەسە هاکەرێکی بەناووبانگە و بەهۆی هاککردنی سیستەمی دادوەری بەڕازیل سزای زیندانی 8 ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە ئەم دووانە دوای تەواوبوونی سزاکانییان پلانی کارێکی هاوبەشیان هەیە بە سوود وەرگرتن لەناوبانگی رۆبینیۆ و لێهاتوویی تەکنیکی دیڵگاتی.

رۆژانەی رۆبینیۆ لە زیندان
ئەستێرەکەی پێشووی سانتۆس و ریاڵ مەدرید و ئەیسی میلان رۆژەکانی لە زیندان بە چاککردنەوەی ئامێرە کارەباییەکان بەسەر دەبات دوای ئەوەی لەنێو زیندان بەشداری لە خولێکی فێربوون کرد، جگە لە خوێندنەوەی پەرتووک و چاودێریکردنی باخچەی زیندانەکە.
رۆبینیۆ سەرجەم یەکەکانی پرۆگرامی "کار و هاوڵاتیبوون"ی تەواوکردووە و کار بۆ کەمکردنەوەی سزاکەی دەکات، هەر 12 کاتژمێر کارکردن رۆژێک لە سزاکەی کەم دەکاتەوە.

خێزانەکەی پشتگیری دەکەن
هاوسەرەکەی و سێ منداڵەکەی بەبەردەوامی سەردانی رۆبینیۆ دەکەن، کە رۆبسۆن جۆنیۆری کوڕی تەمەنی 17 ساڵانە و لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلیە.
رۆبینیۆ هەوڵدەدات بگوازرێتەوە بۆ زیندانێکی نیمچە کراوە، سەرەڕای ئەوەی تاکو ئێستا نەیتوانیوە تانە لە بڕیارەکەی دادگەی ئیتاڵیا بدات.
هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی سزاکەی
ماریۆ رۆسۆ کە پارێزەری تایبەتی رۆبینیۆیە دووپاتیدەکاتەوە کە بڕیکاردارەکەی بەشێوەیەکی رێکوپێک هەڵسوکەوت دەکات و هیچ کێشەیەکی نییە، دەشڵێت بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی سزاکەی رۆبینیۆ یان باشترکردنی دۆخی ناوبراو لە زینداندا.
سەرچاوە | مارکا
