میقداد میری: ئەو سووریانەی بۆ زیارەت دێنە عێراق، ڕێگریان لێ ناکرێت

گوتەبێژی لیژنەی ئەمنیی باڵای زیارەتی ملیۆنی عێراق، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە ڕێگریکردن لە چوونی سووریاییەکان بۆ عێراق دەکەن.
میقداد میری، گوتەبێژی لیژنەی ئەمنیی باڵای زیارەتی ملیۆنی ڕایگەیاند، هەموو ئەو کەسانەی ڤیزای فەرمییان هەیە، ئینجا بۆ مەبەستی گەشتیاری بێت یان زیارەت، ڕێگەیان پێدەدرێت بە شێوەیەکی ئاسایی بێنە نێو خاکی عێراقەوە، ئەوەش بەپێی ڕێکارە یاساییە پەسندکراوەکان.
میقداد میری گوتیشی: ڕێگری لە هاووڵاتیانی سووریا ناکەن بۆ بەجێهێنانی زیارەت سەردانی عێراق بکەن.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی سووریاش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، عێراق ڕەزامەندی نیشانداوە کە ڕێگە بەسووریەکان بدات بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن سەردانی عێراق بکەن.
ڕۆژی دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، میقداد میری، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونیکردەوە، هەر زیارەتکارێک ڤیزای ئەلیکترۆنی وەربگرێت دەبێت 55 دۆلار بدات، لەکاتێکدا تێچووی ڤیزەی ئاسایی تەنیا پێنج دۆلارە.
گوتیشی: ئەمە لە چوارچێوەی ئاسانکاریی ڕێکارەکانە بۆ هاتنە ژوورەوە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێنە بۆ عێراق، بە دابینکردنی بژاردەی ڤیزای ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی هاتنە ژوورەوەی خێرایان هەیە.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدابوو ڤیزای چوونە ژوورەوە (سەردان، گەشتیار، ئاسایی) بە نرخی تەنیا پێنج دۆلار بدرێت، کە لە 27ـی حوزەیران دەستی پێکرد تا کۆتایی 25ـی تەممووزی 2025.
چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی چلەی "ئیمام حوسێن" لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کرد.
زیارەتکاران دوای ئەوەی دەگەنە هەرێمی کوردستان، دەگوازرێنەوە بۆ نەجەف، کەربەلا و شوێنە پیرۆزەکانی دیکەی شیعەکان لە عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە لە رێوڕەسمی چلەی "ئیمام حوسێن".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نوێنەری وەزارەتەکان و دەروازەکانەوە ئاسانکاری تەواوی بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران کردووە و چەندان وێستگەی پێشوازی و پشوودانی ئامادە کردووە. هەروەها ئەمساڵ ئامێری تایبەت بە پشکنین و پاسی گواستنەوە بۆ زیارەتکاران دابین کراوە و ئاو و خواردنیان بەبێ بەرامبەر پێ دەدرێت.
مەسعود باتێلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران و سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕووی تەندروستی، ئەمنی، خزمەتگوزاری و گواستنەوەوە؛ بە باشترین شێواز ئامادەکارییان بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی "ئیمام حوسێن" کردووە.
باتێلی باسی لەوەش کرد، چوار وێستگەی سەرەکییان لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ پشوودانی زیارەتکاران ئامادە کردووە، کە یەکێکیان لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانە و ئەوانی دیکەش، لە کانی ماران لە سنووری سۆران، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بازگەی شێراوەیە. ئەوەشی خستەڕوو، ستافی دەزگاری خێرخوازی بارزانی لە هەر چوار وێستەگەکە جێگیر کراون و خزمەتگوزاری پێویست بۆ زیارەتکاران دابین دەکەن.
سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران ئاماژەی بەوەش دا، 57 شوێنیان بۆ وردبینی و بەڕێکردنی پاسپۆرتی زیارەتکاران کردووەتەوە و دەتوانن ڕۆژانە پێشوازی لە نزیکەی 50 هەزار زیارەتکار بکەن.