وادەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراک درێژکرایەوە

وادەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تاوەکوو 25ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە.
شەممە، 02ـی ئابی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی خۆڕایی، تاوەکوو 25ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە.
لای خۆیەوە سیامەند قادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "لە سەرەتای مانگی داهاتوو (ئەیلوول) بە دواوە، هەر هاووڵاتییەک ئەگەر بیەوێت پسولەکە بکاتە ئەلیکترۆنی، پێویستە بڕێک پارە بدات. بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بڕی پارەکە بۆ هەر مامەڵەیەک 10 هەزار دینارە، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە بکرێتە پێنج هەزار دینار."
لەبارەی ئەو دوو هاووڵاتییانەی تازە ژیانی هاسەرگیرییان پێکهێناوە، چۆن دەتوانن ببنە خاوەنی پسولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی؟ سیامەند قادر ئاماژەی بەوە دا، "لە مانگی داهاتووەوە خزمەتگوزاریی 'پێشکەشکردنی داواکاریی' لە ئەپڵیکەیشنی پسولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی کارا دەکرێت. هاوسەرەکان دەبێت بەڵگەنامەکانیان وەک کارتی نیشتمانی، گرێبەستی هاوسەرگیریی و چەند بەڵگەنامەیەکی دیکە 'سکان' بکەن، ئەو کات ناوەکانیان لەنێو پسولەی خۆراکی خێزانەکانیان دەسڕێتەوە و دەبنە خاوەن پسولەی خۆراکی تایبەت بە خۆیان."
بە گوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی بارزگانیی هەرێمی کوردستان، لە 83%ـی هاووڵاتییانی هەرێم پسولەی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی.
هەروەها بە پشت بەستن بە ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە ڕێژەی 88%، هەولێر 85%، دهۆک سلێمانی 84% و دهۆک 79%ـی هاووڵاتییان پسولەی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی.