وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دەنگۆی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە تاران ڕاست نییە

پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، دەنگۆی داخستنی باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕاست نییە.
شەممە، 2ـی ئاب، پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا دەربارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی داخستنی باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە تاران، گوتی: سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین؛ ئێمە دەزانین چەند هەژمارێکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی سەر بە ئیسرائیل، وەک شەڕی دەروونی بەرانبەر بە ئیران بڵاوی دەکەنەوە.
دوێنێ و ئەمڕۆ، چەند پێگە و ماڵپەڕێکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردبووەوە کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، باڵیۆزخانەکانی خۆیان لە تاران، داخستووە.
لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، باڵیۆزخانەکانی هۆڵەندا، سوید، بەریتانیا، فەرەنسا، هیندستان، ئیتالیا و سویسرا، لە تاران، بۆ ماوەیەکی کاتی، داخران.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی 13ـی حوزەیرانی 2025 بە هێرشی چڕی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و کوشتنی چەندان فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی دەستی پێ کرد.