مانگی سووری فەڵەستین: سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بارەگاکەمان

ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، مانگی سووری فەڵەستین ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای ڕێکخراوەکە لە غەززە کارمەندێک کوژراو و سێ کارمەندی دیکەش بریندار بوون. 

ڕێکخراوەکە بەیاننامەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵامەڵایەتی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە؛ "دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل بارەگای ڕێکخراوەکەیان لە خان یونس کردە ئامانج، کارمەندێکی مانگی سووری فەڵەستینی گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون و هەروەها ئاگر لە نهۆمی یەکەمی باڵەخانەکەش کەوتەوە".

لای خۆیەوە بەرگریی شارستانی لە غەززە ڕایگەیاند، دوێنێ شەممە، 32 فەڵەستینی بە هۆی تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە کوژراون کە 14 کەسیان بە هۆی "تەقەی سوپای ئیسرائیل" لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان، لەلایەن دەزگای مرۆیی غەززە بەڕێوەدەبرێن کوژراون. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەشت فریاگوزاری مانگی سوور کە شەش کەسیان لە بەرگریی شارستانی غەززە و یەکێکیان لە UNRWA لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری غەززە لە مانگی ئاداردا کوژران.

ئەوەش دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست سەردانی ناوەندێکی دابەشکردنی هاوکارییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت لە غەززە کرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment