سوپای ئیسرائیل: ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو سەربازەکانمان بەرز بووەتەوە

دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ڕایگەیاند: بەهۆی کێشەی دروونی و گیان لەدەستدانی هاوڕێکانیان لە شەڕ، ڕێژی خۆکوشتن لەنێو سەربازەکانی ئیسرائیل بەرز بووەتەوە.

یەکشەممە 3ـی ئابی 2025، دەستەی پەخشی ئیسرائیل، بڵاوی کردەوە، سوپای وڵاتەکە دانی بەوەدا ناوە، کە ڕێژی خۆکوشتن لە نێو سەربازەکانیان بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە بەرز بووەتەوە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کردووە، بە پێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، زۆربەی هۆکاری حاڵەتەکانی خۆکوشتنی سەربازەکان، دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی دەروونی، بێزاربوونیان لە دۆخەکە و گیان لەدەستدانی هاوڕێکانیان لە شەڕ. 

بە پێی ئامارەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تا ئێستا، 16 سەربازی ئیسرائیل خۆیان کوشتووە.

لە کاتێکدا یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، پێگەی هەواڵی واڵای ئیسرائیلی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەوە سەربازە ئیسرائیلییانەی کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە تا ئێستا خۆیان کوشتووە، بۆ 43 سەرباز بەرز بووەتەوە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بە گوێرەی ئاماری فەرمی ئیسرائیل، 1219 کەس کوژران، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هێرشی چڕی کردە سەر غەززە و خانوو باڵەخانەیەکی زۆری ئەو شارەی خاپوور کرد و زیاتر لە 57 هەزار کەسیش کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن کوژران.

 
Fly Erbil Advertisment