لە 85%ـی کارەکانی پرۆژەی ڕێگای کفری-قەرەبڵاغ تەواو بووە

بەگوژمەی زیاترلە حەوت ملیار دینار پرۆژەی ڕێگای کفری-قەرەبڵاغ کە زیاتر لە 20 گوندی ناوچەکەش سوودی لێدەبینن لەگەڵ بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و کار ئاسانی بۆ هاتوچۆی دانیشتوانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی مەودای نێوان کفری و کۆکز و چەندین شارەدێی و شارۆچکە و گوند گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی و کار کردن تێیدا بەردەوامە.

عەدنان خەلیل، بەڕێەوبەری ڕێگاوبانی گەرمیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سوپاس بۆ خوا، پرۆژەکە لە 85%ـی تەواو بووە، شارەدێی کۆکز بە شاری کفری ئەبەستێتەوە، گوتیشی: پێشتر ئەگەر لەو ناحیەیە بچووبایتە کفری، دەبوایە بە ڕێگای کەلار و شارەدێکانی سەرقەڵا و ڕزگاری تێپەڕبیت، بەڵام ئێستا بەو ڕێگەیە کە درێژیەکەی 24 کیلۆمەترە لە شارەدێی کۆکز دەچیتە کفری، جگە لەو گوندانەی دەکەونە سەر ئەم ڕێگایە، کە سوودمەند دەبن هەم لەڕووی کشتوکاڵەوە، هەم بۆ هاتوچۆ.

دروستکردنی ئەم ڕێگایە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە، کە دەبێتە هۆکاری بووژانەوەی زیاتر ئەم دەڤەرە، گوندنشینانی سنوورەکەش دڵخۆشن بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە، کە کارئاسانی زۆر بۆ هاتوچۆی ئەوان دەکات.

یادگار خەلیل، گوندنشین دەڵێت: زۆر سوپاس بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە دوای ساڵانێکی زۆر ئەم ڕێگایەی بۆ دروست کردووین، گوتیشی: ئەم ڕێگایە نزیکەی 20 گوندی لەسەرە، پێشتر ڕێگاکە زۆر خراپ بوو کە دانیشتوانی ئەو سنوورە بەئەستەم دەیانتوانی هاتوچۆ بکەن. 

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 200 ملیار دیناری بۆ کەرتی ڕێگاوبان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تەرخان کراوە.

کۆتا بەشی ڕێگای کفری- قەرەبڵاغ، قیردەکرێت، ڕێگاکە 24 کیلۆمەترە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست دەکرێت، بەئامانجی بووژانەوەی گوندەکانی ناوچەکە و کەرتی کشتوکاڵ و ئاسانکاری هاتوچۆکردنی دانیشتوانی ناوچەکە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment