پلاستیک هەڕەشە لە ژینگە و مرۆڤ دەکات

وێنە: پلاستیکی فڕێدراو لە کەنار چەمی ڕێزان
وێنە: پلاستیکی فڕێدراو لە کەنار چەمی ڕێزان

بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی پزیشکی 'لانسێت The Lancet' بڵاو کراوەتەوە، بەرهەمهێنانی پلاستیک لە ساڵی 1950ـەوە تا ئەمساڵ، زیاتر لە 200 هێندە زیادی کردووە و ئەم ماددەیە لە بەرهەمهێنانەوە تا فڕێدان، زیان بە تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە دەگەیەنێت.

توێژینەوەیەکی نوێی پسپۆڕان هۆشداریی داوە کە پلاستیک مەترسییەکی گەورە، گەشەکردوو و شاراوەیە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگەی زەوی. ئێستا دەتوانین بە تەواوەتی لەوە دڵنیا بین کە جیهان لەبەردەم هەڕەشەی پلاستیکدایە کە ساڵانە، لانیکەم بە بەهای  1.5 تریلیۆن دۆلار، زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت.

سەرچاوەی ئەم هەڕەشەیە، خێراییەکی گەورەیە لە بەرهەمهێنانی پلاستیکدا، کە لە ساڵی 1950ـەوە زیاتر لە 200 هێندە زیادی کردووە و وا چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2060 نزیکەی سێ هێندەی دیکەش زیاد بکات و بگاتە زیاتر لە یەک ملیار تۆن لە ساڵێکدا. 

پیسبوونی ژینگە بەهۆی  پلاستیکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. توێژینەوەکە دەڵێت "ئێستا 8 ملیار تۆن پلاستیک لە لووتکەی چیای ئێڤرێستەوە تا قوڵترین خەندەقی ئۆقیانوس بەسەر زەویدا بڵاو بووەتەوە."

توێژینەوەکە دەڵێت "پلاستیک لە هەموو قۆناغێکدا مرۆڤ و ژینگەی خستووەتە مەترسییەوە؛ لە دەرهێنانی وەکوو ماددەی خاو تا بەرهەمهێنان، بەکارهێنان و فڕێدانی. ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا، بەرکەوتن لەگەڵ ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان و دزەکردنی مایکرۆپلاستیک (وردە پلاستیک) بۆ ناو جەستە. فڕێدانی بوتڵی پلاستیک دەتوانێت مێشوولەی هەڵگری نەخۆشیش زیاد بکات، چونکە ئەو ئاوەی لەناو پلاستیکە فڕێدراوەکاندا کۆ دەبێتەوە، ژینگەیەکی گونجاو بۆ زاوزێی ئەوان دروست دەکات."

توێژینەوەکە، پێش شەشەمین و ڕەنگە کۆتا خولی دانوستانەکانی نێوان وڵاتان بۆ ڕێککەوتن لەسەر پەیماننامەیەکی جیهانیی یاسایی پابەندکەر بۆ چارەکردنی قەیرانی پلاستیک، بڵاو کراوەتەوە.

 گفتوگۆکان، بەهۆی ناکۆکییەکی قووڵی نێوان زیاتر لە 100 وڵات کە پشتگیریی لە دانانی سنوورێک بۆ بەرهەمهێنانی پلاستیک دەکەن و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت وەکوو سعوودیە کە دژی پێشنیازەکەن، ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە. ڕۆژنامەی گاردیان بەم دواییانە ئاشکرای کرد کە چۆن وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و لۆبیکارانی پیشەسازیی پلاستیک، ڕێگری لە سەرکەوتنی دانوستانەکان دەکەن.

پرۆفیسۆر فیلیپ لاندرینگ، پزیشکی منداڵان و پسپۆڕی پەتاناسی لە کۆلێجی بۆستن لە ئەمریکا و نووسەری سەرەکی ڕاپۆرتە نوێیەکە، دەڵێت: ئێمە زانیارییەکی زۆرمان لەسەر کاریگەرییە زیانبەخشە تەندروستی و ژینگەییەکانی پلاستیک هەیە،  زۆر بە پێویستی دەزانین کە پەیماننامەی پلاستیک، ڕێوشوێنی پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ و سەلامەتیی ژینگە لەخۆ بگرێت.

وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و پیشەسازیی پلاستیک جەختیان لەوە کردووەتەوە "دەبێت جەخت لەسەر ڕیسایکلینکردنی پلاستیک بێت، نەک کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان." ئەمەش ڕاستییە زانستییەدا ناگونجێت کە بە پێچەوانەی کاغەز، شووشە، پۆڵا و ئەلەمنیۆم، ناتوانرێت پلاستیک بە ئاسانی ڕیسایکلین بکرێت.

 ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری لانسێت (The Lancet)  دەڵێت "ئێستا ڕوونە کە جیهان ناتوانێت بە شێوازی ڕیسایکلین، خۆی لە قەیرانی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک ڕزگار بکات."

زیاتر لە 98%ی پلاستیکەکان لە نەوت، غاز و خەڵوزی بەردین دروست دەکرێن. پرۆسەی بەرهەمهێنانیشی دەبێتە هۆی دەردانی بڕی زیاتر لە 2 ملیار تۆن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا؛ واتە بەرهەمهێنانی پلاستیک ڕۆڵێکی گەورە لە پیسبوونی هەوا دەبینێت. سەرباری ئەوەش زیاتر لە نیوەی پاشماوەی پلاستیک لە هەوای ئازاددا دەسووتێنرێت و بۆن و دووکەڵ و ماددە ژەهراوییەکانی بە هەوادا بڵاو دەبنەوە.

ڕاپۆرتەکە دەریخستووە "کاریگەرییە زیانبەخشەکانی پلاستیک، دەبنە هۆی لەبارچوون، لە دایکبوونی پێشوەختە و مردنی کۆرپەلە، کەمئەندامیی زگماکی، شیرپەنجەی منداڵان و زۆر نەخۆشیی دیکە." 

پاشماوەی پلاستیک زۆرجار شی دەبێتەوە بۆ مایکرۆ و نانۆ-پلاستیک کە لە ڕێگەی ئاو، خۆراک و هەناسەدانەوە دەچنە ناو جەستەی مرۆڤەوە. ئەم وردیلانە، لە خوێن، مێشک، شیری دایک، وێڵاش، تۆو و مۆخی ئێسکدا دۆزراونەتەوە. کاریگەرییان لەسەر تەندروستی مرۆڤ تا ئێستا بە ڕوونی نەزانراوە، بەڵام دەرکەوتووە بە ڕادەیەکی زۆر دەبنە هۆی جەڵتەی مێشک و دڵ.

پلاستیک، زۆرجار وەک ماددەیەکی هەرزان سەیر دەکرێت، بەڵام زانایان دەڵێن "کاتێک تێچووی زیانە تەندروستییەکانی لەبەرچاو بگیرێت، ماددەیەکی زۆر گرانە!" یەکێک لە خەمڵاندنەکانی زیانە تەندروستییەکانی تەنیا سێ ماددەی کیمیایی پلاستیک"PBDE, BPA و DEHP"  لە 38 وڵاتدا،  1.5 تریلیۆن دۆلار بووە لە ساڵێکدا.

شیکارییە نوێیەکە، بەشێکە لە زنجیرەیەک ڕاپۆرت کە بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی کاریگەرییەکانی پلاستیک دەکات. مارگرێت سپرینگ، پارێزەرێکی باڵا و یەکێک لە هاونووسەرانی ڕاپۆرتەکە، دەڵێت: ڕاپۆرتەکان سەرچاوەیەکی زانیاریی بەهێز و سەربەخۆ پێشکەش بە بڕیاردەران لە سەرانسەری جیهاندا دەکەن بۆ ئەوەی لە داڕشتنی سیاسەتێکی کاریگەردا سوودی لێ ببینن بە جۆرێک کە چارەی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک، لە هەموو ئاستەکاندا بکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment