ئەوقافی سلێمانی:گرفتی کەمئاوی مزگەوتەکان چارەدەکەین

لە چەند مزگەوتێکی پارێزگای سلێمانی گرفتی کەمئاوی دروستبووە، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات، بە تانکەر ئاویان بۆ دابیندەکەین.

عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی، بەشێک لە مزگەوتەکانیش کێشەی کەمئاوییان بۆ دروستبووە، بۆ ئەمەش هەوڵمان داوە، بە تانکەری ئاو گرفتەکانیان چارەبکەین.

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی گوتیشی: ئەو مزگەوتانەی لەناو جەرگەی بازاڕن یان لەو گەڕەکانەن قەرەباڵغیەکی زۆریان لەسەرە گرفی کەم ئاویان بۆ دروستبووە، هاوکات لە ٪85 مزگەوتەکانی سلێمانی بیری تایبەت بەخۆیان هەیە، بۆیە هەوڵدەدەین چەند مەترێک بۆڕی بۆ ناو بیرەکان شۆڕبکرێتەوە.

دەربارەی ژمارەی ئەو مزگەوتانەی ڕووبەڕووی ئەو گرفتە بوونەتەوە، عەباس خدر، ئاماژەی بەوە دا، ژمارەیان چوار مزگەوتە، هەر یەکێکیان کەوتووەنەتە شوێنێکی جیاوازی سلێمانی.

لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 760 مزگەوت هەن و 300 مزگەوتیان لە نێو شارەکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment