کوێستان ئەحمەد: لە دوو مانگدا کارەبای 24 کاتژمێری دەگاتە قەزای خەبات
قایمقامی قەزای خەبات بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەماوەی مانگێک، بۆ دوو مانگی داهاتوو، کارەبای 24 کاتژمێری(پرۆژەی ڕووناکی)، دەگاتە قەزای خەبات و ناوچەکانی دەورووبەری.
سێشەممە 5ـی ئابی 2025، کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کارەبای کانی قرژاڵەی سەر بە ناحییەی ڕزگاری قەزای خەبات، ماوەی سێ ڕۆژە بووەتە 24 کاتژمێری، دەڵێت:ناحیەی کەورگۆسک و قەزای خەبات ڕووپێو کراون، لە مانگی 9 بۆ مانگی 10ـی ئەمساڵ تەواوی سنوورەکە، کارەبای 24 کاتژمێریان پێدەگات.
لەبارەی کێشەی کەمی ئاویش، قایمقامی قەزای خەبات ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی نەبوونی ئاو لە قەزای خەبات بەهۆی نەبوونی کارەباوە بوو، دەڵێت: کێشەکە چارەسەر کراو ئێستا ئاو بۆ دانیشتووانی ناوچەکە گەڕاوەتەوە.
دەڵێت: کێشەی کەم ئاوی ناوچەکە بە گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری کۆتایی دێت، تا ئەو کاتەی کارەبای 24 کاتژمێری دەگات، بە تانکەر ئاو دەگەیەندرێتە دانیشتوانی هەر گەڕەکێک ئەگەر کێشەی کەمئاویان بۆ دروست بێت.
سەبارەت بە گرفتی ڕێگەی هاتوچۆی نێوان هەولێر و قەزای خەبات، کوێستان ئەحمەد ڕایگەیاند: چاککردنەوەی ڕێگەی هەولێر-خەبات کە ماوەیەک بوو کار تێیدا وەستابوو، ئەمڕۆ دەست بە کارەکانی دەکرێتەوە.
پێنجشهممه، 31ـی تهممووزی 2025، پرۆژەی ڕووناکی ڕایگهیاند، زیاتر له دوو ملیۆن و 700 ههزار هاووڵاتیی ههرێمی كوردستان كارهبای 24 كاتژمێرییان ههیه.
پرۆژەی ڕووناکی ڕوونیشی كردووهتهوه، ئێستا ڕێژهی 40%ـی هاووڵاتییانی ههرێمی كوردستان كارهبای 24 كاتژمێرییان ههیه.
دوایین ئاماری هاووڵاتیان و هاوبەشانی نێو پرۆژەی ڕووناکی بەم شێوەیەیە:
لە هەولێر ملیۆنێک و 458 هەزار لە پرۆژەکە سوود مەند بوون کە 380 هەزار هاوبەش لەخۆدەگرێت
لە سلێمانی 976 هەزار هاووڵاتی تا ئێستا سوودمەند بوون کە دەکاتە 257 هەزار هاوبەش.
لە دهۆک، 288 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی سوود مەند بوون کە دەکاتە 79 هەزار هاوبەش.
کۆی گشتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوون، دوو ملیۆن و 722 هەزار و 500 هاووڵاتین، کە دەکاتە 716 هەزار هاوبەشی کارەبا.