لە ماوەی 15 ڕۆژدا کارەبای 'ئیسکانی نوێ' و 'ئیسکان تاوەر' دەکرێتە 24 کاتژمێری

دوای ناڕەزایەتیی دانیشتووانی هەردوو پڕۆژەی 'ئیسکانی نوێ' و 'ئیسکان تاوەر' بڕیاردرا کارەبای ئەو دوو پڕۆژەیەش بخرێتە نێو پڕۆژەی "ڕووناکی" و کارەباکەیان دەبێتە 24 کاتژمێری. 

چەند مانگێکە لە ڕێگەی پڕۆژەی "ڕووناکی"ـیەوە، کارەبای ناوەندی شاری هەولێر کراوەتە 24 کاتژمێری؛ تەنیا یەکەکانی نیشتەجێبوونی 'ئیسکانی نوێ' و 'ئیسکان تاوەر' نەچوونەتە نێو پڕۆژەکە، ھۆکارەکەش خاوەنەکانیانە. 

کێشەی پچڕان و کەمی کارەبا، دانیشتووانی ئەو دوو یەکەیەی نیشتەجێبوونی ناچار کردووە، دەنگی ناڕەزایەتی لە خاوەنەکەیان بەرز بکەنەوە و داوا دەکەن بخرێنە نێو پڕۆژەی ڕووناکییەوە؛ چونکە  ئێستا ھەر خێزانێک لە نێو ئەم پرۆژەیە،  تێچووی 24 کاتژمێر کارەبایان سەروو10 تا 13 دۆلارە. زۆر جاریش لە کاتی کوژانەوەی  کارەبا، دانیشتووان لە نێو بەرزکەرەوەکاندا گیر دەخۆن.

هومایۆن عەزیز، دانیشتووی پرۆژەی 'ئیسکانی نوێ'، داوا دەکات کێشەی پچڕانی بەردەوامیی کارەبا بە شێوەیەکی بنەڕەتی بۆیان چارە بکرێت و ئاماژە بەوەش دەدات، کاتێک کارەبای نیشتمانی نامێنێت، دەنگی موەلیدەکانی پڕۆژەکە، بێزاریان دەکات و زۆرجاریش بەهۆی دەنگەکەوە، بە شەو خەویان لێ ناکەوێت. 

شاکر سپۆرت، دانیشتووی پڕۆژەی 'ئیسکان تاوەر' جەخت لە پێویستیی گواستنەوەی هێڵی کارەبای ئەو دوو یەکەیەی نیشتەجێبوون بۆ بۆ وێستگەیەکی دیکەی کارەبا دەکاتەوە و دەڵێت "ئەو کارەبایەی ئێستا هەمانە بەشمان ناکات."

بە گوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24 لە کاتی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێوونی پرۆژەکە، بە شێوەی کاتی ھێڵی کارەبای لە وێستگەی ئازادییەوە پێدراوە تا  پرۆژەکە تەواو دەکرێت، دواتر ھێڵەکە بگوازرێتەوە بۆ وێستگەی کارەبای زانیاری، بەڵام دوای چەندان ساڵ هێشتا ھێڵەکەی نەگواستووەتەوە.

ئێستا بەشێوەی کاتی چارەسەری کێشەی کەمی کارەبا لەو دوو پڕۆژەیەی نیشتەجێبوون کراوە؛ بەڵام  دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژ، خاوەنی ئەو دوو پڕۆژەیە، ھێڵەکە بگوازێتەوە بۆ ئەوەی یەکەکان بچنە نێو پڕۆژەی ڕووناکی ئەگەر نا، دەدرێنە دادگا.

لەوبارەوە بەختیار ئەرگوشی، بەرێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای ھەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ماوەی 15 ڕۆژدا هێڵی کارەبای ئەو دوو پڕۆژەیە، دەگوازرێتەوە بۆ سەر وێستگەی کارەبای زانیاری. ئەو کات ئێمە دەتوانین 9 مێگاوات کارەبایان پێ بدەین، كێشەکەیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر دەبێت و کارەبایان دەبێتە 24 کاتژمێری."

بە گوێرەی بەدواداچوونێکی دیکەی کوردستان24 گواستنەوەی ھێڵی کارەباکە پێوستی بە زیاتر لە 200 ملیۆن دینارە و  دەبێت خاوەنی یەکەکەکان، بڕیارەکە جێبەجێ بکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment