قەیرانی ئاو لە تاران قوڵتر دەبێتەوە

قەبارەی ئاوی بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە 12%، لە کاتێکدا کەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ کۆتایی ساڵی ئاویی ئێستا و لە لایەکی دیکەوە گەرمای توند تا چەند ڕۆژی داهاتوو بەردەوام دەبێت، نیگەرانییەکانی دەربارەی بەخێرایی وشکبوونی بەنداوەکانی زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئیرنا، ساڵی ئاویی ئێستا کە لە 1ـی ئەیلوولی 2024 دەستی پێ کردووە و لە 22ـی ئەیلوولی 2025 کۆتایی دێت، یەکێکە لە وشکترین ساڵەکانی 57 ساڵی ڕابردوو، بەجۆرێک ئاستی باران، بە بەراورد بە ساڵی ئاویی ڕابردوو '1ـی ئەیلوولی 2023 تا 22ـی ئەیلوولی 2024' بە ڕێژەی 41% کەمی کردووە.

ئەم بارودۆخە، کاریگەریی نەرێیی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی سەرزەوی و ژێرزەوی هەبووە، کە ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنی دابین دەکەن، بەجۆرێک قەبارەی ئاوی بەنداوەکانی وڵات بە ڕێژەی 26% کەمی کردووە.

ماوەیەک لەمەوبەر، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزە، لە میانی سەردانێکیدا لەگەڵ میدیاکاران، بۆ بەنداوی لەتیان، جەختی لەسەر پێویستیی خۆپاراستن لە زۆر بەکارهێنانی ئاو کردەوە و گوتی: ئەگەر لە بەفیڕۆدانی ئاو بەردەوام بین، ئەم بەنداوە بە تەواوەتی وشک دەکات.

عەبدوڵڵا فازڵی فارسانی، جێگری بەڕێوەبەری ئاودێریی بانی ناوەندی، گوتی: کۆی گشتیی ئاوی کۆگاکراوی پێنج بەنداوەکەی تاران 20%ە . لە باکووری بەنداوەکانی تاران ڕووبەری کشتوکاڵی، خزمەتگوزاری و هەروەها یەکەی نیشتەجێبوونی زۆر هەن و ئەم پرسە بووەتە هۆی بەکارهێنانی بێسنووری ئاو لەو ناوچانەدا.

فازڵی فارسانى، گوتی: پێنج بەنداوەکەی تاران، ساڵانە 50% تا 70%ی ئاوی خواردنەوەی تاران و کەرەج دابین دەکەن؛ خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لەو ساڵانەی ڕووبەڕووی دیاردەی وشکەساڵی دەبینەوە، هاتنی ئاو بۆ بەنداوەکان کەمتر دەبێتەوە."

جێگری بەڕێوەبەری ئاودێریی بانی ناوەندی، ڕایگەیاند "ئێستا بە گشتی قەبارەی ئاوی پێنج بەنداوەکەی تاران 20%ە و 80%ی کۆگاکانی ئەم بەنداوانە بەتاڵن؛ بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکان، قەبارەی ئاوی کۆگاکراوی سەرجەم بەنداوەکانی تاران، ئێستا 266 ملیۆن مەتری سێجا کەمی کردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ئاویی ڕابردوو."

فازڵی فارسانی، بارودۆخی ئێستای سەرچاوەکانی ئاوی تارانی بە هەستیار زانی و گوتی: ئێستا ڕێژەی دەرچوونی ئاو لە بەنداوی کەرەج بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە هەر چرکەیەکدا 10 مەتر سێجایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە قەبارەی کۆگای ئەم بەنداوە 56 ملیۆن مەتر سێجا تۆمار کراوە و لە ڕووی تەکنیکییەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی پێکهاتەی بەنداوەکە، پێویستە 30 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەم بەنداوەدا بهێڵرێتەوە، ئەگەرنا، سەلامەتیی بەنداوەکە دەکەوێتە مەترسییەوە."

جێگری بەڕێوەبەری ئاودێریی بانی ناوەندی، ڕایگەیاند" لە باکووری بەنداوی بێلقان و بەنداوی کەرەجەوە ساڵانە 3 تا 3.5 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ  کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت و هەمان ڕێژەی بەکارهێنانیش لە باکووری بەنداوی لەتیان تۆمار کراوە."

ئێستا، بارودۆخی نیگەرانکەری بەنداوەکانی دابینکەری ئاوی تاران وا دەخوازێت کە زیاتر لە جاران بابەتی بەفیڕۆنەدان لە پێشینەی هەموو هەنگاوەکاندا بێت.

ماوەیەک لەمەوبەریش مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، لەبارەی قەیرانی جددیی ئاو لە وڵاتدا و پێویستیی بەڕێوەبردنی بەکارهێنای ئاو، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، گوتی: یەکێک لە پێوەرە گرنگەکانی گەشەپێدان، دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوان سەرچاوە ئاوییەکان و چۆنییەتی بەکارهێنانی ئاودا. بۆ ئەوەی گەشەکردنی هەمەلایەنە بەردەوام بێت، پێویستە ڕێژەی بەکاربردنمان لەگەڵ ڕێژەی ئاوی بەردەستماندا  هاوسەنگ بێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment