بێئاوی تەنگی بە سلێمانی هەڵچنیوە؛ هەندێکجار تەنکەری ئاو دەست هاووڵاتییان ناکەوێت

بێئاوی تەنگی بە سلێمانی هەڵچنیوە و بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی کەم ئاون. خاوەنی یەکێک لە تەنکەرەکانی ئاویش دەڵێت: ڕۆژانە زیاتر لە 150 ماڵ داوای ئاومان لێ دەکەن.  

بەهۆی کەمبارانی و دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاو، شاری سلێمانی ڕووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بووەتەوە، بە جۆرێک هەندێک ڕۆژ لە زۆرینەی گەڕەکەکان ئاو نییە. ئەم گرفتە مزگەوتەکانیشی گرتووەتەوە، دەرگای بەشێک لە مزگەوتە دێرینەکان لە بێ ئاویدا داخراون. 

سەبارەت بە چارەکردنی کێشەکە، ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاوی سلێمانی بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند  "شاری سلێمانی بۆ ئەوەی لە کێشەی کەمئاوی ڕزگاری ببێت، پێویستە هێڵی سێی ئاوی دوکان – سلێمانی، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش کاری لەسەر پڕۆژەکە کردووە و دەیداتە کۆمپانیایەک تا جێبەجێی بکات."

ڕۆژانە ئاوی بەشێک دانیشتووانی سلێمانی لە رێگەی تەنکەرەوە دابین دەکرێت. بەهۆی کەمئاویش بازاڕی تانکەرەکان گەرمە و لە هەندێک کاتیشدا دەستناکەوێت.

هەرزارد خەلیل، شۆفێری تانکەری ئاو بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت "بازاڕی تانکەری ئاو زۆر گەرمە و ماڵێکی زۆر لە سلێمانی بێ ئاون و فریای هەمووان ناکەوین. ڕۆژی وا هەیە زیاتر لە 150 تەلەفۆنمان بۆ دێت، ئێمەش هەرچەندە فشارێکی زۆرمان لەسەرە، تەنیا فریا دەکەوین ئاو بۆ سێ چوار ماڵ ببەین."

 
 
Fly Erbil Advertisment