هەفتەی داهاتوو کۆتا شەپۆلی گەرمای هاوین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەکی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی ڕایگەیاند، شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپروکێن ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە پلەکانی گەرما 4 تا 6 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، گوتیشی: پێشبینی دەکرێت دوا شەپۆلی گەرمای 50 پلەیی بێت.
سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، محەممەد کەمال، شارەزایی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشبینی دەکرێت شاپۆلێکی گەرمای تاقەتپروکێن ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، شەپۆلەکە بەهۆی کاریگەریی تۆپەڵە هەوایەکی گەرم لەسەر زەریای هیندی بۆ ناوچەکانی کوردستان، کە لە یەکشەممەی داهاتوو 10-8-2025 دەست پێدەکات تاوەکوو پێنجشەممە، 14-8-2025، بەردەوام دەبێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بگاتە 51 پلەی سیلیزی.
محەممەد کەمال گوتیشی: گەرماکە شێی لەگەڵە بۆیە پێویستە هاووڵاتیان لە کاتژمێر 11 بۆ 4ـی ئێوارە لەماڵەوە بن، چونکە تیشکی خۆر لەوکاتەدا زیانبەخشە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی هەیە،
دەشڵێت: پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلە کۆتا شەپۆلی 50 پلەیی بێت، دواتر پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.