سەرچاوەکانی ئاوی ڕانیە بەرەو کەمبوونەوە دەچن

قولە سەرچاوەی ئاوی ڕانیە دەکەوێتە چەقی ڕانیەوە نزیکە لە وشکبوون و ئاوەکەی بەرێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.

سەرچاوەکە 60٪ ی دانیشتووانی ڕانیە بۆ ئاوی خواردنەوە کەڵکی لێ وەردەگرن و 13 هەزار هاوبەشی ئاو لە سەنتەری شارۆچکەی ڕانیە ، لەو سەرچاوەیە ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێ ، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەوکاتە ئاستی ئاوەکەی 10 بەرانبەر کەمیکردووە.

ئاسۆ ئیبراهیم سەرپەرشتیاری ئاوی قولە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: چەند ساڵێک پێش ئێستا دەمانتوانی لە کاتژمێرێکدا سێ هەزار و 500 مەتر ئاو سێجا بۆ هاوبەشان دابینکەین، بەڵام ئێستا دۆخی پرۆژەکەمان لە مەترسیدایە، تەنیا دەتوانین 300 بۆ 350 مەتر ئاو سێجا دابینکەین، بۆ ئەم مەبەستەش کاتژمێرەکانی دابەشکردنی ئاومان بۆ ماڵان کەمکردووەتەوە.

ئەو کانیە لەدڵی دەربەندی ڕانیە هەڵدەقوڵێ و دێتە دەرەوە ، چاوی ئەوەی لەسەرە ببێتە فریادڕەسی ئاوی قولەی ڕانیە .

سەلام عومەر بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بیرمان لە کردووەتەوە کانیاوی قولەی دەربەند لە سنوورەکە هەیە، ئاوێکی سازگاری هەیە و پشکنینمان بۆ کردووە و  پێویستی بە هیچ پرۆسەیەکی خاوێنکردنەوە نییە، سوودی لێ وەربگرین و بەکاریبهێنین.

قولەی دەربەند ، تاکە کانیاوی سنورەکەیە ئەمساڵ ئاوەکەی زیادی کردووە کەمی نەکردووە ، لەهەر کاتژمێرێک سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی لێ دێتە دەرەوە، هەر سەرچاوەی ئاوی قولە نیە ئاوەکەی کەمیکردووە ، بە قوڵایی20 مەتر ئاوی ژێر زەوی بیرەکانی دیکەی ڕاپەرین دابەزیوون و شەش بیری ئاوی خواردنەوەش لەگەڕەکەکان بە تەواوی وشک بوونە.

بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی قولەی دەربەند تارادەیەکی باش ڕانیە لە مەترسی کەمئاوی دوور دەکەوێتەوە .

 
 
Fly Erbil Advertisment