کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق گرژی تێکەوت

ناکۆکییەکانی پەرلەمانی عێراق گەیشتنە ئەو ئاستەی ئەندامانی پەرلەمان، بە بۆکس لە یەکدی بدەن، هەروەها بە پاساوی تەواونەبوونی ڕێژی یاسایی دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی ئابی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی کۆمەڵێک تەوەر کۆبووەوە، بەڵام لەسەر زیادکردنی تەوەر بۆ کۆبوونەوەکە، گرژی و ئاڵۆزی ڕووی دا.
بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، لەسەر دەنگدان بە ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵی و کۆکردنەوەی واژۆ بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی کێشە لە نێوان سووننەکان دروست بوو.
کوردستان24 زانیویەتی، تەنانەت کێشە لە نێوان مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان و موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ دروست بوو.
پەرلەمانتارانی شیعە زیاتر لە 120 واژۆیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی بخرێتە کارنامەی دانیشتنەوە، بەڵام لەگەڵ سووننەکان بووە بە کێشەیان و دوو ئەندم پەرلەمان بە بۆکس لە یەکدییان دا.
لە لایەکی دیکەوە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژی یاسایی، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.
لای خۆیەوە هاوپەیمانییی عەزم سەرکۆنەی ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی کردووە و دەڵێت: ڕووداوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق و ئەو سوکایەتییەی بەرانبەر ڕەعد دەهلەکی، پەرلەمانتار و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان کراوە ڕەفتاری پێچەوانەی دابوونەریتی دیموکراتییە.
گوتیشی: پەیڕەوکردنی شێوازی سوکایەتیپێکردن خزمەتی هیچ کەسێک و بەرژوەندیی نیشتمانیی ناکات.