بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی: پڕۆژەی 'ڕووناکی' ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر ستایشی پڕۆژەی 'ڕووناکی' دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، ژینگە پاک دەکاتەوە و کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووانیش بە شێرپەنجە دەبێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پڕۆژەکە، پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای زیاتر لە 2,700,000 هاووڵاتیی کردووەتە 24 کاتژمێری؛ ئەمەش نزیکەی %40ی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە. بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026ـیش بگاتە سەرجەم هاووڵاتییان. پڕۆژەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان هەبووە، ئەمەش بەهۆی کوژاندنەوەی مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان و کەمکردنەوە دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.
د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پڕۆژەی ڕووناکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە داهاتوودا کاریگەریی زۆر باشی لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە دەبێت؛ چونکە لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، زیاتر لە هەزار موەلیدەی ئەهلی لە ناوەندیی شاری هەولێر کوژێنراونەتەوە کە ڕۆژانە دووکەڵیان دەردەکرد و ژینگەیان پیس دەکرد، ئەمەش دەبووە هۆی تووشبوونی هاووڵاتییان بە نەخۆشیی شێرپەنجە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر باسی لەوەش کرد "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەتی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە تەرخان کردووە، لەگەڵ ئەمەش خێرخوازان هاوکارێکی سەرەکی ئێمەنە لە دابینکردنی دەرمان." گوتیشی "وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڕێکی زۆر کەم دەرمان و هاوکاریی تەندروستیمان پێشکەش دەکات و بەشی هەفتەیەکیش ناکەن."
لەبارەی ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە، د. هەردی جەواد گوتی "ڕاستە بە بەراود بە ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە زیادی کردووە، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان دانیشووی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن و لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەری پزیشکی وەردەگرن."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر ئاماژەی بەوەش دا "لە داهاتوویەکی نزیکدا سەنتەری چاندنەوەی مۆخ لە هەولێر دەکرێتەوە."
دوێنێ سێشەممەش، 05ـی ئابی 2025، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامارەکانی شێرپەنجە ساڵانە ڕوو لە زیادبوونە، لە هەرێمی کوردستانیش لە شەش مانگی ڕابردوودا نزیکەی دوو هەزار حاڵەتی شێرپەنجە تۆمار کراوە.