پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرا و پشتێنەی سەوزایی نرخی زەوی لەهەولێر بەرزکردووەتەوە

پرۆژەی فریاگوزاریی ئاو خێرای هەولێر و پشتێنەی سەوزایی، کاریگەریی لەسەر نرخی زەوی هەبووە بەشێوەیەک کە لە هەندێک شوێن نرخی زەوی 10 تا 15 هەزار دۆلاری بەرزبووەتەوە.
خاوەن نووسینگەیەکی خانوبەرە بەکوردستان24ـی گوت: بەگشتیی نرخی زەوییەکان 10 تاوەکوو 130 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە، هۆکارەکانیش بریتیە لەوەی پێشتر ئەو زەویانە کارت بوو ئێستا بووەتە تاپۆ، گەیشتنی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر بۆ ئەو شوێنانە.
گوتیشی: پێشتر زەوی لە باغەمرە بە 6 تا 7 هەزار دۆلاری بوو، ئێستا بووەتە 16 هەزار دۆلار، ئاماژەی بەوەش دا، زەوی لە گڕەسۆر بە 12 هەزار و 500 دۆلاری بووە، ئێستا بە 23 هەزار دۆلارە.
یەکێکی دیکە لەو خاوەن نووسینگانەی خانوبەرە دەڵێت: ئەو زەویانەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت زیاتر دەکەونە دەرەوەی شەقامی 150 مەتری، چونکە پشتێنەی سەوزایی هەولێریش دەکەوێتە دەرەوەی 150 مەتری کە ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئەو زەویانە، ئاماژەی بەوەش دا، سەرەڕای قەیرانەکان، ئەو پرۆژانەی سەرۆکی حکوومەت کردوویەتی ڕۆڵێکی کاریگەریی لە شاری هەولێر هەبووە.
جەختیشی کردەوە، 200 مەتر زەوی لە گڕەسور بۆ پێنج هەزار دۆلار دابەزیبوو، بەڵام ئێستا کەمترینی گەیشتووەتە 10 هەزار دۆلار، ئەگەر یەکەی نیشتەجێبوونی تێدا بکرێت ئەوە نرخەکان زۆر بەرزدەبێتەوە.
خاوەن نووسینگەیەکی دیکەی خانووبەرە ڕایگەیاند، پرۆژەی ئاوی خێرا، پشتێنەی سەوزایی و شەقامی 150 مەتری کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر نرخی زەوی، گوتیشی: ئێستا نرخی زەوی لەهەندێک شوێنی گڕەسور 10 تا 15 هەزار دۆلاری هاتووەتە سەر.
يهكشهممه، 8ـی ئهيلوولى 2024، مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، بهردى بناغهى پرۆژهى فرياگوزاریی خێراى ئاوى ههولێری دانا، پرۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار، له ماوهى كهمتر له 550 ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و به تهواوبوونى پرۆژهكه، كێشهى كهمئاوى له شارى ههولێر به ڕێژهى 100% بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو چارهسهر دهبێت.
پرۆژەکە لە ڕۆژێکدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، هەروەها بۆ هەر کاتژمێرێک 20 هەزار مەتر سێجا بە شێوازێکی 24 کاتژمێری ئاوی خاوێن کە شیاوە بۆ خواردنەوە بۆ گەڕەکەکانی شاری هەولێر دابین دەکات.
ڕۆژی یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر کردەوە.
هاوکات لە قۆناغی یەکەمدا، ئەم پرۆژەیە، ئاوی خاوێنی بەردەوام بۆ ئەم گەڕەکانەی دابین دەکات، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا گرفتی کەمئاوییان هەبووە، لەوانە: ڕەشکین، 32 پارک، توڕەق، شاری ئالان، شاری دیاری، باغڵومنارە، مامزاوە، قەتەوی، ژیان، ڕۆشنبیری، فەرمانبەران، زەیتون سیتی، دارەتوو، بنەسڵاوە، هیران سیتی، ئاڵتون سیتی، گەلاوێژ، ئاوێنەی شار، بێرکۆتی نوێ، تەعجیلی نوێ، 8 و 5ـی حەسارۆک، هاوکاری، کەسنەزان، زیلان، لاوان، ئاییندەی دوو، ئەندازیاران، ئاشتی و قەڵاتی نوێ.