جەنگی 12 ڕۆژە بەهای دراوی ئیسرائیلی بەرز کردووەتەوە و ئەوەی ئێرانیشی دابەزاندووە

لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، دۆخی ئابووریی ئەم دوو وڵاتە دوو ئاراستەی تەواو پێچەوانەیان هەبووە.
لە ئێران قەیرانە ئابوورییەکان قووڵتر بوونەتەوە، بۆرسەی ئەم وڵاتە بۆ نۆیەمین ڕۆژی یەک لەدوای یەک ڕوو لە دابەزین بوو و بەهای دراوی ئێران لە بەرانبەر دۆلاریشدا ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە. لە بەرانبەردا ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی نزیک دوو ساڵە لە شەش بەرە لە جەنگدایە، ئابوورییەکەی گەشەی کردووە و پیوەری بۆرسە بەرز بووەتەوە و بەهای دراوی نیشتمانیی ئەم وڵاتەش لە بەرانبەر دۆلاردا زیادی کردووە.
لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، دۆخی ئابووریی ئەم دوو وڵاتە دوو ئاراستەی تەواو پێچەوانەیان هەبووە؛ دۆخی ئابووریی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپبوونی زیاتر دەچێت و کۆمەڵێک گەماڕۆی نوێ خراونەتە سەر ئەم وڵاتە و مەترسیی چالاکبوونەوەی میکانیسمی 'سناپ بەک' و گەڕانەوەی گەماڕۆ نێودەوڵەتییەکانیش لە ئارادایە. لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل سەرەڕای 22 مانگی جەنگ لە هەر پێنج بەرەی غەززە، لوبنان، سووریا، یەمەن و لە کۆتاییشدا ئێران، ئابوورییەکەی گەشەی کردووە.
لە ئێرانی پاش جەنگی دوازدە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، قەیرانە ئابوورییەکان قووڵتر بوونەتەوە، هەڵاوسان گەیشتووەتەوە سەرووی 42% و بێکاری و هەژاری پەرەیان سەندووە.
لە یەکەم ڕۆژی دوای جەنگەوە، خاوەن پشکەکان، خەریکن سەرمایەکانیان لە بۆرسە دەردەکێشن. پێوەری بۆرسەی تاران بەردەوام دابەزیوە و گەیشتووەتە خراپترین دۆخ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا.
هەر لەم ماوەیە بەهای دراوی ئێران 10 دابەزیوە و کێشەی کورتهێنان و پچڕانی کارەبا و هەروەها کورتهێنان و پچڕانی ئاو لەسەر هاووڵاتیان گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار.
لە بەرانبەر دا، ئیسرائیل دوای 12 ڕۆژ جەنگ لەگەڵ ئێران، ئابوورییەکەی گەشەی کردووە. پێوەری بۆرسەی ئەم وڵاتە 21.3% بەرز بووەتەوە و گەشەی بۆرسەی ئیسرائیل پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی جیهاندا تۆمار کردووە.
لەم ماوەیەدا زیاتر لە 2.5 ملیارد دۆلار سەرمایەگوزاریی دەرەکی ڕووی لە بۆرسەی ئیسرائیل کردووە. زیاتر لە 9.3 ملیار دۆلاریش سەرمایەگوزاریی دەرەکی بۆ کەرتی تەکنەلۆژیای ئەم وڵاتە ڕاکێشراوە و بایی زیاتر لە 57 ملیار دۆلاریش تەکنەلەلۆژیای ئەم وڵاتە فڕۆشراوە.
هەر لەم ماوەیەدا کۆمپانیاکانی بیمە و خزمەتگوزاریی داراییی ئیسرائیل 68% گەشەیان کردووە و بەهای دراوی نیشتمانیی ئەم وڵاتە لە بەرانبەر دۆلاردا 9%بەرز بووەتەوە.